چالاکڤانێکی سووریایی خەڵاتێکی فەرەنسی - ئەڵمانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی مافەکانی مرۆڤی کە خەڵکی سووریایە، خەڵاتی ئەم ساڵی فەرەنسی – ئەڵمانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی پێ دەدەرێت، لە بەرامبەر ئەو کارانەی کردوویەتی لە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی نێو سووریا دژی مافەکانی مرۆڤ.
رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە فەزڵ عەبدولغەنی، چالاکڤانی بوار مافەکانی مرۆڤ و بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SNHR)، لەلایەن حکومەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا خەڵاتی ئەم ساڵی هاوبەشی ئەو دوو وڵاتەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی پێدرا.
عەبدولغەنی لەلایەن بریجێت کۆرمی، نوێنەری تایبەتی فەرەنسا بۆ کاروباری سووریا، خەڵاتەکەی پێبەخشرا و ئەو خەڵاتەش بەبۆنەی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بوو کە هەموو ساڵێک لە رۆژی 10ـی کانوونی یەکەم، دابەش دەکرێت.
ئەو خەڵاتە هاوبەشە دەدرێتە کەسێک یان رێکخراوێک کە لەماوەی 12 مانگی ساڵەکەدا رۆڵێکی بەرچاوی لە پاراستنی بەها مرۆییەکان لە جیهاندا بینیبێت.
بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە کە تایبەتە بە مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا، لەلایەن دیپلۆماتانی هەردوو وڵاتەوە ناوی چەند کەسێک بەربژێر دەکرێت و دواتریش لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە کەسی براوە دیاریی دەکرێت.
لەبارەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە، فەزڵ عەبدولغەنی دەڵێت "ئەم خەڵاتە تەنیا سیمبولی ستایشکردن نییە، بەڵکو سیمبولی ئەو نیگەرانییە کە لە جیهاندا بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ هەن و هیواداریشم ئەو مافە لە تەواوی وڵاتان و ناکۆکییەکان بە یەکسانی لەبەرچاو بگیرێت، بێ گوێدانە هیچ ئەجێندایەکی سیاسی."