سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە سووریا
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان دوو پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانیان لە سووریا بۆردوومانکردووە.
بە گوتەی سێنتکۆم، ئەو بۆردوومانە وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی رۆژی دووشەممەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
سێنتکۆم دەڵێت، هیچ سەربازێکیان لە هێرشەکاندا بریندار نەبووە. بەڵام روونینەکردووەتەوە هێرش کراوەتە سەر کام بنکە یان پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان. وەردەکاریشی لەسەر ئەو شوێنانە نەداوە کە لە وەڵامدا بۆردوومانیکردووە.
ئەمریکا رۆژی دووشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی کردوون.
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە. زۆربەیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جێگیرکراون.
شوباتی ئەم ساڵ ئەمریکا هێرشێکی گەورەی کردە سەر گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە سووریا بۆ ئەوەی وەڵامی هێرشێکی درۆنییان بۆ سەر بنکەیەکی هێزە ئەمریکییەکان لە ئوردن بداتەوە کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەیان هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی لە عێراق و سووریا هێزەکانی ئەمریکا تێیاندا جێگیرکراون.