سێنتکۆم: چەند پێگەیەکی داعشمان لە سووریا بۆردوومان کرد

12-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیدا "چەندین پێگەی داعش"ـی لە سووریا کردووەتە ئامانج. سێنتکۆم ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر تواناکانی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە دەبێت. 
 
ئەمڕۆ (شەممە، 12-10-2024) فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 11ـی تشرینی یەکەم، هێزەکانمان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند پێگەیەکی داعش لە سووریا."  
 
سێنتکۆم دەڵێت، ئەو هێرشانە دەبنە هۆی پەکخستنی تواناکانی داعش بۆ پیلاندانان و هێرشکردنە سەر ئەمریکا، هاوپەیمان، هاوبەشەکانی و هاووڵاتیانی سڤیل لە ناوچەکە و شوێنەکانی دیکەی جیهان. 
 
بەگوێرەی سێنتکۆم، هەڵسەنگاندنی زیانی هێرشەکە هێشتا بەردەوامە، بەڵام "هیچ نیشانەیەک نییە کە هیچ سڤیلێک بەرکەوتبێت". 
 
داعش کە کورتکراوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ـە، لە ساڵی 2014 شاڵاوێکی گەورەی پڕ لە کوشتوبڕی دەستپێکرد و لە لووتکەی بەهێزیی خۆیدا، رووبەرێکی فراوانی عێراق و سووریای کۆنترۆڵکرد، کە هێندەی نیوەی رووبەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بوو. 
 
هەمان ساڵ، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە بەشداریی زیاتر لە 80 وڵات بە سەرکردایەتیی ئەمریکا پێکهێندرا بۆ ئەوەی لە بەزاندنی داعش یارمەتیی هێزە خۆجێییەکان بدات. ساڵی 2017 لە باشووری کوردستان و عێراق و 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا سەرکەوتن بەسەر داعشدا راگەیێندرا. 
 
بەڵام چەکدارە بەجێماوەکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە لە بیابانەکانی عێراق و سووریا بەردەوامن لە جموجۆڵ، لەکاتێکدا رێکخراوەکە بەرپرسیاریێتی بەشێکی ئەو هێرشانە لە ئەستۆدەگرێت، کە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەکرێن. 
 
بەگوێرەی سوپای ئەمریکا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا؛ داعش بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 153 هێرش لە عێراق و سووریا راگەیاندبوو؛ لە تەواوی ساڵی 2023 بەرپرسیاریێتی لە 121 هێرش راگەیاندبوو. 
 
بەپێی سێنتکۆم، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 44 چەکداری داعشیان لە عێراق و سووریا کوشتووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەدر جامووس، سەرۆکی لیژنەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا؛ باس لەوەش دەکات، دۆزی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا کاریگەریی لەسەر دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەبێت.