ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای سووریا لە ئەنجامی هێرشەکەی داعش لە دێرەزوور بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی سەربازانی کوژراوی سوپای سووریا لە پارێزگای دێرەزوور گەیشتە 33 کەس. 
 
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان لە پارێزگای دێرەزوور، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 33 سەربازی سوپای سووریا گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 10-8-2023 چەکدارانی داعش لە پارێزگای دێرەزووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، هێرشیان کردە سەر پاسێکی تایبەت بە گواستنەوەی سەربازانی سوپای سووریا و لە ئەنجامدا 23 سەربازیان کوشت و 10ی دیکەشیان بریندار کرد، بەڵام برینی بریندارەکان سەخت بوو. 
 
ئێوارەی رۆژی 07-08-2023ش چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر سەربازانی سوپای سووریا لە ناوچەیەکی پارێزگای رەققە و 10 سەربازی سوپا و چەکداری سەر بە حکومەتیان کوشت و شەش سەربازی دیکەیان بریندار کرد.
 
ساڵی 2014 داعش شاری رەققەی بە پایتەختی خەلافەتەکەی دیاریکرد. دوای سێ ساڵ، هێزەکانی هەسەدە بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش شارەکەیان لە دەست چەکدارانی داعش دەرهێنا.
 
لە ئاداری 2019دا هەسەدە دوایین ناوچەی لەژێر دەسەڵاتی داعش لەبەرەی رۆژهەڵاتی فورات کۆنتڕۆڵکردەوە کە باغۆز بوو.