وەزیری دەرەوەی سووریا: پەیامی ئەرێنیمان لە ئێران و رووسیاوە پێگەیشتووە

12-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا رایدەگەیێنێت، "پەیوەندییەکی نایابیان" لەگەڵ عێراق هەیە و بەمنزیکانە سەردانی بەغدا دەکات. هەروەها ئاشکرای کرد، پەیامی ئەرێنییان لە ئێران و رووسیاوە پێگەیشتووە.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 12-02-2025 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکان لە دوبەی قسەی کرد، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە نێوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی ئیدارەی نوێی سووریا.
 
"بەمنزیکانە سەردانی بەغدا دەکەم"
 
شەیبانی لەبارەی عێراقەوە گوتی، "لە پەیوەندییە دەرەکییەکانماندا لەگەڵ هەر وڵاتێک رێز لە سەروەرییان دەگرین. لە دەرگاوە دەچینە نێو ماڵەکانەوە. پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەیە، جگە لە رێز و خۆشەویستی هیچی دیکەمان نییە."
 
هەروەها گوتیشی، "ناکەوینە داوی هەندێک، کە هانی تێکدانی ئەو پەیوەندییە دەدەن لەنێوان حکومەتی نوێی سووریا و عێراق. پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەڵوێستی فەرمی و دیپلۆماسی بنیات نراوە. پەیوەندییەکی نایابمان هەیە، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیم پێگەیشتووە بۆئەوەی سەردانی بەغدا بکەم، شەرەفمەندم و بەمنزیکانە سەردانیان دەکەم."
 
"پەیامی ئەرێنیمان لە ئێران و رووسیاوە پێگەیشتووە"
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هیچ پەیامێکی ئەرێنییان لە رووسیا و ئێران پێگەیشتووە، وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی، "پەیامی ئەرێنییان لە رووسیا و ئێرانەوە پێگەیشتووە، بەڵام دەبێت ئەم پەیمانە بگۆڕێت بۆ سیاسەتێکی روون. دەبێت گەلی سووریا هەست بە دڵنیایی بکات و ئێمەش دوای دڵنیایی خەڵکی سووریا، دەست پێدەکەین."
 
شەیبانی دەڵێت، "پەیامی روون هەیە بە رێزگرتنی ئیدارەی نوێی سووریا و رێز لە سەروەریی خەڵکی سووریا دەگرن، بەڵام گەلی سووریا بریندارە و تاڵاوی زۆریان چەشتووە لەسەر دەستی ئەم دوو دەوڵەتە."
 
باسی ئەوەیشی کرد، "بۆئەوەی ئەم پەیوەندییانە چاک بکرێنەوە، پێویستە بە ئاسوودەیی سەیری ئەو پەیوەندییانە بکات. نامەوێت پەیوەندییەک بەسەر خەڵکەکەماندا بسەپێنین کە هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی نەکەن."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا  باسی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی کرد و گوتیشی، "هەموو گەلی سووریا لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە بوون و بەشداربوونە لە گۆڕانکارییەکان و خۆیان سەرکردایەتی گۆڕانکارییان کردووە. بۆیە خەڵکێکی زۆری لە دەرەوە دەگەڕێنەوە."
 
ئاماژە بەوە کرد، "وەکو دەزانین هەموو گۆڕانکارییەک هەندێک ترس دروست دەکات و لەوە تێدەگەین و مکوڕین لەسەر ئەوەی دڵنیایی بدەینە خەڵکی سووریا، دەبێت بە کردەوەکانیان دڵنیایان بکەین و هەموو بەشداربن لە دەسەڵات."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە دان بە فرەیی خەڵکی سووریادا دەنێین، ئەوەش دەبێتە خاڵێکی بەهێز. ئێمە قوربانی فەرامۆشکردن و سیاسەتی تائیفی بووین، بۆیە ئەوەی قوربانی بێت، کردەوەی لەم شێوەیە دووبارە ناکاتەوە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "دۆخی سووریا ئاسایی بووەتەوە، ئەوەی سەردانی سووریا بکات، تێبینی ئەوە دەکات و دۆخی ئەمنی سەقامگیرە، هەروەها بنیادنانەوەی دامەزراوەکان، لەوانە سوپا؛ پێویستی بە هەندێک کاتە."
 
"دەستەواژەی کەمینە و تائیفی قبووڵ ناکەین" 
 
شەیبانی راشیگەیاند، "بڕوامان بە توانای گەلی سووریا هەیە. دەبێت سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرین و دووبارەی ناکەینەوە، لە هەر هەنگاوێک بە باشی بیری لێدەکەینەوە و لێی دەکۆڵینەوە."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوە کردەوە، "ئێستا نەخشە رێگایەکمان بۆ دۆخی سووریا دەکات، وڵات لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی دابەش ناکەین و دەستەواژەی کەمینە و تائیفی قبووڵ ناکەین، لە داهاتوودا بڕیار لە وەرگرتنی پۆستەکان دەدرێت نەک پاشخانەی تائیفی و نەتەوەیی."
 
ئەسعەد شەیبانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو حکومەتەی لە  ئاداری داهاتوو پێکدێت بەپێی توانا نوێنەرایەتی خەڵکی سووریا دەکات و رەچاوی فرەیی دەکات و دەمانەوێت خەڵك هەست بە متمانە بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بەریتانیا و سووریا.

بەریتانیا سزاکانی سەر وەزارەتی نێوخۆ و بەرگریی سووریا هەڵدەگرێت

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سزا لەسەر 12 دامەزراوەی حکومیی سووریا هەڵدەگرێت؛ لەوانەش وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، چەند دامەزراوەیەکی دارایی، میدیایی و وزە. وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "ئەمە بۆ بووژانەوە، چاکسازی و بنیاتنانەوە گرنگە."