رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر گردبوونەوەیەکی هاووڵاتییان لە شاری تەدمووری پارێزگای حمس و 75 کەسیان رفاندووە کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان بوون. بەپێی چەند سەرچاوەیەک، "10 کەسیان کووشتوون و چارەنووسی ئەوانی دیکە نادیارە." ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریاش دەڵێت، "تەرمی چوار کەس گەیێندراوەتە نەخۆشخانە."
رۆژی یەکشەممە 12-2-2023، بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، ژمارەیەک چەکداری داعش لە شاری تەدمووری پارێزگای حمس هێرشیانکردووەتە سەر 75 هاووڵاتی سووریا کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان بوون لەو ناوچانە و 10 کەسیان کوشتوون و چارەنووسی ئەوانی دیکە نادیارە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا"، لەبارەی هەواڵەکەوە رایگەیاندووە، تەرمی چوار هاووڵاتی کە لەنێویاندا ئافرەتێک هەیە، گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و 10 کەسیش برینداربوون.
دکتۆر وائیل جیهاد ئەنتەڵکی، بە ئاژانسەکەی گوتووە، "ئەو کەسانەی کوژراون شوێنەواری گوللـە بە جەستەیانەوە دیارە و ئەوانەشی برینداربوون هەموو چارەسەرێکیان بۆ کراوە."
ئەو هێرشەی داعش لەدوای ژمارەیەک گورز دێت کە لە ساڵانی رابردوو لە سووریا لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بەر ئەو رێکخراوە کەوت و دوو جار کەسی یەکەمی رێکخراوەکە کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ