شاندێکی ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدیی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی هەتەشە کۆبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدیی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندێکیان بۆ ماوەی هەفتەیەک سەردانی دیمەشقیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا کۆبوونەتەوە، ئاشکراشی دەکات کە هەندێ پەرستگە و شوێنەواری ئێزدییەکان رووبەڕووی وێرانکاری بووونەتەوە. 
 
کەنداڵ رەمۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدیی سووریا لەمیانەی بەشداری لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکێش دەکرێت رایگەیاند، بۆ ماوەی هەفتەیەک شاندێکی ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدی سووریا سەردانی هەر یەک لە دیمەشق، حەلەب و سوەیدایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا کۆبوونەتەوە، داخوازییەکانی کوردانی ئێزدی پێشکێش بە بەرپرسانی نوێی سووریا کردووە. 
 
رەمۆ دەڵێت، شاندەکەیان سەردانی دیمەشق، حەلەب، سوەیدای کردووە و لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا، دروز، عەلەوی، کریستیانەکان کۆبووەتەوە و باسیان لە مافی کوردانی ئێزدی کردووە، "هەروەها شاندەکەمان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانیش لە دیمەشق کۆبووەوە، نوێنەرانی وڵاتان پشتگیرییان لە داخوازییەکانی ئێمە کرد". 
 
دوای کەوتنی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، ئەمە یەکەم سەردانی شاندێکی کوردانی ئێزدییە بۆ سووریا، کە بەپێی ئامارەکان نزیکەی 200 هەزار کوردی ئێزدی لە سووریا هەن، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی شەڕی 13 ساڵەوە ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە. 
 
کەنداڵ رەمۆ دەڵێت، شاندەکەیان لە ئاستێکی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا کۆبووەوە و داوایانکرد مافەکانیان لە سووریای نوێدا پارێزراو بن، "چونکە ئێزدییەکان ماوەی 14 ساڵ خەباتیان لە دژی رژێمی پێشوو کردووە". 
 
لەبارەی ژمارەی کوردانی ئێزدی لە سووریا، رەمۆ دەڵێت، ئامارێکی دروست نییە لەبارەی ژمارەی ئێزدییان لە سووریا، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان ژمارەیان لە ناوخۆ و دەرەوە 200 هەزار کەس دەبێت. 
 
ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی لە عەفرین نیشتەجێن، بەڵام بەهۆی گرووپە چەکدارەکانەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەشێک لە کوردانی ئێزدی ناوچەکانیان بەجێهێشتوون. کەنداڵ رەمۆ رایگەیاند، شاندەکەیان سەردانی عەفرینی کرد و لەگەڵ ئێزدییانی عەفرین کۆبووەوە و لە چەند گوندێکی ئێزدییەکان گەڕاون، لە کێشە و داخوازییەکانیان کۆڵییەوە، هەروەها ئەنجامی سەردانەکانیان بۆ دیمەشق، حەلەب و سوەیدا و ناوچەکانی دیکە بۆ ئەوان روونکردووەتەوە.
 
بە گوتەی رەمۆ، "بەشێکی ئێزدییەکان دوای کەوتنی ئەسەد گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، بەڵام لەو 18 تا 20 پەرستگەی ئێزدییەکان کە لە رۆژئاوای کوردستان هەن، بەداخەوە لە سەردانەکەی ئەم دواییەمان بۆ عەفرین بینیمان کە چەند پەرستگەیەک وێران کراون". 
 
ئەندامی ئەنجوومەنی کوردانی ئێزدی ئاماژە بە خراپیی دۆخی کوردانی ئێزدی لە چەند ناوچەیەکی سووریا دەکات و دەڵێت، "لە سەرێکانی دۆخی ئێزدییان زۆر خراپە، لە تەواوی سەرێکانی تەنیا 5 کەس ماون، پێشتر ژمارەیەکی زۆری ئێزدی لە سەرێکانی خاوەن موڵک و ماڵی خۆیان بوون، بەڵام بەداخەوە دەستیان بەسەردا گیرا، شاندەکەمان ئەو پرسەیان لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا باسکرد و پێمان گوتن، پێویستە لە حەلەب و سەرێکانی کوردانی ئێزدی بگەڕێنەوە شوێنەکانیان". 
 
کەنداڵ رەمۆ گوتی، بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا بەڵێن دەدەن و قسەی باش دەکەن، بەڵام پێویستە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن، لەسەر ئێمەش پێویستە کە بەدواداچوونیان بۆ بکەین.