نوێنەری رێکخراوی سریانی دیموکرات لە سووریا: داوای دەوڵەتێکی ناناوەندی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سریانی لە سووریا رایگەیاند، دەسەڵاتی نوێی سووریا لە قسەکانیان ئاماژە بە سیستمێکی ناوەندی دەکەن، بەڵام رەفتارەکانیان لە سەر زەوی و بەتایبەت بۆ یەکخستنی سوپای وڵات پێچەوانەن و ئاماژە بە سیستمێکی ناناوەندی دەکەن، داواش لە کورد دەکات کە دەست بە گفتوگۆی قوڵ بکەن بۆ یەکڕیزی.
گابرێل مووشێ، نوێنەری رێکخراوی سریانی دیموکرات لە سووریا، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند وەکو رێکخراوی ئاشووریی دیموکرات داوای دانپێدانان بە بوون و ناسنامەی نەتەوەیی سریانی ئاشووری دەکەن، بەشێوەیەک کە لە دەستووری نوێی سووریادا بنووسرێ، هەروەها داوا دەکەن زمانی سریانی وەکو زمانی نیشتمانی و سەرەکیی دووەم بناسرێت، لەو ناوچانەی کە زۆرینەن لەگەڵ زمانی عەرەبی و کوردی.
تا ئێستا هەر یەک لە کورد و درووز داوای سیستمی ناناوەندی بۆ سووریا دەکەن؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئەوان لە دژی هەر پارچەکردنێکی خاکی سووریان و لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی نوێی سووریا لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون.
گابرێل مووشێ لەبارەی سیستمی حکومڕانی گوتی: "ئێمە داوای وڵاتێکی دیموکراسی، عەلمانی و ناناوەندی دەکەین لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، هاووڵاتیبوونی یەکسان و هاوبەشیی تەواو لە نێوان هەموو پێکهاتەکان، گەلی سووریا لە عەرەب، کورد؛ سریان، ئاشووری، تورکمان و ئەوانی دیکە، بە لای ئێمەوە ناو گرنگ نییە، بەڵکو نێوەڕۆک گرنگە، کە گەرەنتی بەشداری و نوێنەرایەتی راستەقینەی سیاسی و گەشەپێدانی بەردەوامی هەموو ناوچەکانی سووریا بدات".
ئەو بەرپرسەی سریانی لەبارەی داواکاری ناناوەندی زیاتر گوتی: "ناناوەندی تەنیا داواکاری ئێمە نییە، بەڵکو داواکاری بەشێکی زۆری سوورییەکانە، بەتایبەت چەند ناوچەیەکی سووریا لە قۆناخی رابردوودا رووبەڕووی ناوەندییەکی بەهێز بوونەوە، کە رژێمی پێشووی سووریا بەسەریاندا سەپاندبوون و بووە هۆکاری وێرانکارییەکی زۆر، بۆیە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی، هێزەکانی نێو دەستەی دانوستاندن، هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن، هەروەها لایەنی عەرەبی و درووز داوای جۆرێک لە ناناوەندی دەکەن، کە رۆڵێکی گرنگ بە ناوچە و پارێزگاکان دەدات.
تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی نەتەوە و ئایینەکانی سووریا نییە، بەڵام سەنحاریب بەرسووم، سەرۆکی پارتی یەکێتی سریانی لە سووریا پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، کە ژمارەی کریستیانەکان نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەبێت، بەڵام ئێستا تەنیا نزیکەی 300 هەزاریان لە سووریا ماونەتەوە.
لەبارەی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە کریستیانەکان لە سووریا، بەرپرسی رێکخراوی سریانی دیموکرات لە سووریا نیگەرانییەکانی لەبارەی دۆخی کریستیانەکان ئاشکرا دەکات: "هەرچەندە زۆربەی کریستیانەکان دڵخۆش بوون بە کەوتنی رژێمی پێشوو، بەڵام نیگەرانیشیان هەیە لە هەندێ پێشێلکاری کە روویانداوە. هەروەها لە باکگراوەندی ئایدۆلۆژیی ئەو هێزەی کە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئەویش دەستەی تەحریری شامە. چەند پێشێلکاری لە چەند ناوچەیەکی کریستیانەکان روویاندا، بەتایبەت لە میانەی جەژنی کریستیانەکان، بەڵام دواتر چارەسەرکران، کریستیانەکان بە ئاشکرا ئەم پێشێلکارییانەیان گەیاند بە بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا، ئێمە داوای راوەستاندنی ئەم پێشێلکارییانە نەک تەنیا بەرامبەر بە کریستیانەکان، بەڵکو بەرامبەر هەموو سوورییەکان و پێکهاتەکانیان دەکەین و هیوادارین هەوڵنەدرێت وەکو رەفتاری کەسی وێنا بکرێن و رێگە نەدرێت ئەو کردەوانە ببنە کاری بەشێک لە گرووپە تووندڕەوەکان".
لە رۆژی 25 ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە حومس چەند چەکدارێک دارێکی کریسمس، کە هێمای جەژنی کریسمسی کریستیانەکانە، سووتاند. ئەم کارە خۆپێشاندانی کریستیانەکانی لە سووریا لێکەوتەوە، ئەوکات فەرماندەری ئۆپەراسیۆنەکان کە دەستەی تەحریری شام سەرۆکایەتیی دەکرد، رایگەیاند، ئەو کەسانە سزا دەدرێن و دارەکە دانرایەوە.
لەبارەی گفتوگۆی لایەنەکان و بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا، گابرێل مووشێ رەخنە لە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا دەگرێت کە تاوەکو ئێستا گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە نێوخۆییەکان نەکردووە: "تا ئەمڕۆ وا دەبینین کە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا سەرنجی لەسەر کۆبوونەوەیانە لەگەڵ نوێنەر و شاندی وڵاتانی بیانی و رەوەندی سووری لە دەرەوە، پێدەچێت بەڕێوەبەرایەتیی نوێ گرنگی بە کۆبوونەوە لەگەڵ هێزە نێوخۆییەکانی سووریا نەدات، بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین کە گفتوگۆی نێوان پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییەکانی سووریا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نوێ بۆ ئەم قۆناخە گرنگە، بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و تێروانینیەکان لەبارەی چۆنیەتی چوونە نێو قۆناخی راگوزەر لەسەر بنەمای راست و دروست، کە دەکرێت ئەنجامی هەبێت و گوزارشت بێت لە هیواکانی گەلی سووریا بۆ ئەم قۆناخە".
لەبارەی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، گابرێل مووشێ گوتی، هانی لایەنە کوردییەکان چ ئەوانەی لەنێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی یاخود لایەنەکانی نێو پارتەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردین دەدەین دەست بە گفتوگۆی قووڵ و لێکتێگەیشتن بکەن بۆ یەکڕیزیی کورد لەم قۆناخە دا، هەروەها دەست بە گفتوگۆ لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکرێت.