رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنەکەسە و پەیەنەکە لە رۆژئاوای کوردستانن، کەسایەتییەکی ئەکادیمی دەڵێت ''داوا دەکەن لە هەفتەیەکدا شاندێکی یەکگرتووی کوردی پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق.''
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-12-2024) شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد و لە قامشلۆ لەگەڵ پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) کۆبوونەوە، کە پەیەدە و پارتەکانی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێیدا ئەندامن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، داوایان لە پەیەنەکە کردووە؛ دەستبەجێ لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەست بە دیالۆگ بکەن و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن.
شاندەکە لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی سەربەخۆ و ئەکادیمیی کوردی رۆژئاوای کوردستانیش کۆبوونەتەوە.
د. فەرید سەعدوون، کەسایەتیی ئەکادیمی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوێن دارا پێشکێشی کرد، وردەکاریی دانیشتنەکەی خستەڕوو.
د. فەرید سەعدوون رایگەیاند ''لە ماڵی خۆم لەگەڵیان کۆبوومەوە. گەشبینم کە ئەوان [فەرەنسی و ئەمریکییەکان] گرنگی بە دیالۆگی کوردی - کوردی دەدەن و، ئێستا هیچ رێگەیەکی دیکە جیا لە یەکڕیزیی کورد، لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان نەماوە.''
لەگەڵ هێرشەکەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا لە ناوچەکانی باکووری سووریا و بەتایبەت رۆژئاوای فوورات رووبەڕووی شەڕڤانانی هەسەدە بوونەتەوە. ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییە گوتی ''چاوی گرووپە تووندئاژۆکان لەسەر رۆژئاوای کوردستانە و مەترسی لەسەر هەیە، بۆیە ئێستا دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی -کوردی زۆر پێویستە.''
دیالۆگی کوردی کوردی لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، کە سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
د. فەرید سەعدوون دەڵێت ''ئێستا، پرسی هەرە گرنگ ئەوەیە؛ کورد بتوانێت لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر رۆژئاوای کوردستان، بەرگری لە خۆی بکات و بەرەیەکی کوردیی هاوبەش و یەکگرتوو پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی بە هێزەوە کاری دیپلۆماسی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بکات.''
وەک ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییە دەڵێت، شاندی فەرەنسی - ئەمریکی داوایان کردووە لە دوو رۆژی داهاتوودا پەیەنەکە و ئەنەکەسە دەست بە گفتوگۆکانیان بکەنەوە.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرنگیی دیالۆگی کوردی - کوردی بۆ یەکگرتوویی کورد لە داهاتووی سیاسیی سووریا، چەند هێندە زیاتر بووە.
د. فەرید سەعدوون گوتی ''بڕیارە شاندی فەرەنسی ئەمریکی، سبەی یان دوو سبەی لەگەڵ ئەنەکەسەش کۆببنەوە و گوێ لە روانگە و پڕۆژەکانی ئەوانیش بگرن. ئێستا لەم دۆخەدا دەرفەتێک نەماوە کە درێژە بە ناکۆکی و ململانێی لایەنە کوردییەکان بدرێت.''
گوتیشی ''ئەمریکا و فەرەنسا دەیانەوێت لە یەک هەفتەی داهاتوودا شاندێکی یەکگرتووی کوردی پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق، لەوانەیە ئەوان بۆ سەرپەرشتیی شاندەکە، زیاتر تەرکیزیان لەسەر ژەنەراڵ مەزڵووم کۆبانێ بێت، چونکە رەزامەندیی نێودەوڵەتی و خەڵکی لەگەڵە.''
وەک د. فەرید ئاماژەی پێدا، هەردوو لایەنە سەرەکییەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن دەکەن. ''پەیەنەکە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دیالۆگ و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنەکەسە و، رایگەیاندووە پێویستە رێککەوتنێکی خێرا بکرێت.''
لەبارەی ئەندامانی شاندەکەشەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شام، شرۆڤەکارە سیاسییە گوتی، تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەندامانی شاندە کوردییەکە کێ دەبن، ''بەڵام کەسانی سەربەخۆ و گرووپی دیکەش تێیدا بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر ئەنەکەسە و پەیەنەکە تاوەکو ناکۆکیی نێوانیان چارەسەر بکەن.''
فەرید سەعدوون ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، باس لەوەش کرا؛ پێویستە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆک مەسعود بارزانی هاوکار و پشتیوانی ئاشتەوایی کورد بن لە رۆژئاوای کوردستان و پاڵپشتییەکی هەرێمی بۆ پڕۆسەکە هەبێت. ''تێکچوونی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان دەبێت.''
بەگوتەی ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییەکە، تاوەکو ئێستا گفتوگۆ لەسەر نێوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیە نەکراوە کە بڕیارە کورد لەسەر داخوازییەکانی لە دیمەشق بیخاتەڕوو، ''بەڵام دوای کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و پەیەنەکە، دەکرێت بە بەشداریی کەسایەتییە سەربەخۆکان، رێککەوتنێکی لەسەر بکرێت.''
گوتیشی شاندی فەرەنسی ئەمریکی جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ لەکاتی چوون بۆ دیمەشق، خاڵی سەرەکیی گفتوگۆکان ئەوە بێت کە ناوچە کوردییەکان لە هەڕەشەکان پارێزراو بن و کۆتایی بە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بهێنرێت. ''ئەگەر رێککەوتنێک لەنێوان ئێمە و دیمەشقدا نەکرێت، ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن، دەبێ بە هەر شێوەیەک بێت، هێرشی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە رابگیرێن.''
رۆژی یەکشەممە 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند. دواتر، رووسیا رایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرییان پێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ