گۆڕی حافز ئەسەد سووتێنرا

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕی حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا کە 8ـی ئەم مانگە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا، سووتێنرا. 
 
رۆژی چوارشەممە 11-12-2024، چەند وێنە و ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا بڵاوکرانەوە، کە تێیاندا دەردەکەوێت، چەند چەکدارێک ئاگر لە گۆڕی حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی سووریا بەردەدەن.
 
گۆڕەکە لە شارۆچکەی قەرداحەیە کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگەی لازقییە لە رۆژئاوای سووریا. لە ڤیدیۆیەکدا چەکدارێک دەڵێت "ئەڵڵاهوئەکبەر، ئەمە سووتانی گۆڕی دڕندەی ستەمکار حافز ئەسەدە. ئێستا موجاهیدەکان گۆڕی ئەو دەسووتێنن، سوپاس بۆ خودا."
 
گۆڕەکە لەسەر گردێکە و جگە لەو گۆڕەش گۆڕی ئەندامانی دیکەی ماڵباتەکەی ئەسەدی لێیە، وەکو باسل ئەسەد، برای بەشار ئەسەد کە پلان هەبوو لەجێگەی باوکی ببێتە سەرۆکی سووریا، بەڵام لە ساڵی 1994 لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا.
 

دلبخوین دارا، پێشکێشکاری رووداو باسی ئەوە دەکات، پێشتر گۆڕی حافز ئەسەد پێش ئەوەی لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە بسووتێنرێت، لەگەڵ گۆڕی کوڕەکەیدا وەک مەزارگەیەک سەیردەکران و خەڵک سەردانی دەکردن.

 

حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد لەدایکبووی ساڵی 1930 بوو لە شارۆکچەی قەرداحە، لە خێزانێکی عەلەوی لەدایکبووە کە پێکهاتەیەکی بچووکی سووریان لە 10-06-2000 کۆچی دوایی کرد. 
 
حافز ئەسەد لە شاری حمس لە ساڵی 1955 بڕوانامەی سەربازی لە فڕۆکەوانیدا بەدەستهێناوە و رۆڵێکی گرنگی لە هاتنە دەسەڵاتی حیزبی بەعس هەبوو. لە ساڵی 1964 تاوەکو 1966 فەرماندەی گشتیی هێزە ئاسمانییەکانی سووریا بوو، لە ساڵی 1970 کودەتای کرد و بووە سەرۆکوەزیران، دواتر لەساڵی 1971 بووە سەرۆکی سووریا، تاوەکو ساڵی 2000 لە حوکمدا مایەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 08-12-2024، رۆژێکی مێژوویی بوو بۆ سووریا و خەڵکەکەی. چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دوای گرتنی چەند شارێکی گرنگیی ژێر دەستی حکومەتی سووریا، توانییان دیمەشقی پایتەخت کۆنترۆڵ بکەن و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند. دواتر، رووسیا رایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرێتییان پێدراوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە