جۆلانی داوا لە وڵاتان دەکات داواکراوەکانیان رادەست بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی تەحریر شام رایگەیاند، ئەوانەی بەرپرسیاربوونە لە ئەشکەنجەدانی گیراوانی بەندیخانەکانی سووریا، بەهیچ شێوەیەک لێبووردنی گشتی نایانگرێتەوە، داواش لە وڵاتان دەکات ئەو کەسانەیان رادەست بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام لە دوایین پەیامیدا داوای لە وڵاتان کرد، هەر داواکراوێکی سووریایان لەلایە، بەزووترین کات رادەستیان بکەنەوە تاوەکو رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
لەو پەیامەیدا، ئەبو محەممەد جۆلانی دەڵێت: "ئێمە لەوانە خۆش نابین کە دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان."
سەرۆکی دەستەکە رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024 رایگەیاند، بەمزووانە لیستی ناوی ئەو بەرپرسانەی دەسەڵاتی پێشووی سووریا بڵاودەکەنەوە، کە دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدانی زیندانییانی گرتووخانەکانی سووریا.
جۆلانی بەڵێنیشی دا "خوێنی شەهیدانی بێتاوان و مافی گیراوەکان، متمانەیەکە رێگەی پێنادەین، بەفیڕۆ بڕوات."
ئەو پەیامەی سەرۆکی دەستەی تەحریر شام لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، داواکاری گشتیی ئەمریکا، دوو بەرپرسی پێشووی سووریای تۆمەتبار کرد بەوەی دەستیان
لە ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیدنایا هەبووە، کە بە "کوشتارگەی زیندانیان" ناسراوە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011، لانیکەم 30 هەزار زیندانی لە سێدارە دراون، یان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.