هەفتەیەکە تورکیا بە چڕی بۆردوومانی رۆژئاوای کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لە 4ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە تەواوی دەستپێکردووە، لەو رۆژەوە چەندین جار بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکانی سنووری دێرکەی کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە 45 کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 کەسی دیکەش برینداربوون.

ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا لە واشنتن بە گرنگی زانی هێرشەکان بووەستن و گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە لە چالاکییە سەربازییەکانی باکووری سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانەکەی، هەروەها کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی لەنێوبردنی یەکجاریی داعش. بەردەوامین لەوەی پشتگیری لەو هێڵی ئاگربەستە بکەین کە ئێستا هەیە. گرنگە کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێنرێت تاوەکو سەقامگیریی لەنێو سووریا بەرقەرار بێت و کاربکرێت بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو ناکۆکییە."
 
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڵاویکردووەتەوە، لە چوارشەممەی رابردووەوە تورکیا 180 شوێنی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە کردووەتە ئامانج، 14 لەوان وێستگەی سووتەمەنی، نۆ وێستگەی کارەبا؛ هەشت وێستگەی ئاو؛ 220 نانەواخانە، دوو نەخۆشخانە و 48 قوتابخانە کراونەتە ئامانج. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە پێکەوە کارکردنی سوپای ئەمریکا و هەسەدە ئاسوودە نییە و دەڵێت، "لە سووریادا ئەمڕۆ زیاتر لە 20 بنکەی ئەمریکا هەن. لە سووریادا بنکەکانی ئەمریکا چی دەکەن؟ بەداخەوە ئەمریکا یەکێک لە درۆنەکانی تورکیای خستە خوارەوە. ئایا تورکیا ئێستا هاوبەشی ئەمریکا نییە لە ناتۆدا؟ ئایا پێکەوە نین؟ چۆن ئەمە روون بکەینەوە؟ بەداخەوە ئەمریکا راهێنان بە سەرجەم رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات، پێیان دەگەیێنێت و پڕچەکیان دەکات، بەداخەوە چ لە سووریا بێت یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو شوێنانە دەکات بە گۆمی خوێن."
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیە چوارشەممەی رابردوو دەستی پێکرد؛ لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە بوو. تورکیا دەڵێت، هێرشکارەکان لە ناوچەکانی ژێر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوون، تۆمەتێک کە فەرماندەی گشتیی هەسەدە رەتی کردەوە.