تەندروستیی دێرەزوور: دوو تووشبووی کۆلێرا گیانیان لەدەستدا

11-09-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پارێزگای دێرەزوور لە سووریا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا چوار تووشبوون و دوو گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشیی کۆلێرا لە دێرەزوور تۆمارکراون؛ هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆلێراشی لەم وەرزەدا گەڕاندەوە بۆ نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 11-09-2022، دکتۆر محەممەد سالم، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پارێزگای دێرەزوور لە سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە چوار تووشبووی کۆلێرا لە دێرەزوور تۆمارکراون، بەڵام ژمارەی تووشبووەکان بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان لە کەمترین ئاستدایە." 
 
دکتۆر محەممەد سالم گوتیشی: "زۆربەی تووشبووە گومانلێکراوەکان لە ناوچەی کەسرە تۆمارکراون، تاوەکو کاژێر 10ی رۆژی یەکشەممە ژمارەی ئەو کەسانەی کە گومان دەکرێت تووشی کۆلێرا بوون، گەیشتووەتە 11 کەس، بەڵام دەرمان و چارەسەری پێویست لەبەردەستن بۆ تووشبووانی کۆلێرا." 
 
تاوەکو ئێستا دوو کەس بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشیی کۆلێرا لە پارێزگای دێرەزوور گیانیان لەدەستداوە، دکتۆر محەممەد سالم دەڵێت، یەکێکیان لە 05-09-2022 لە نەخۆشخانەی کەسرە گیانی لەدەستدا کە پیاوێکی تەمەن 57 ساڵ بوو، ئەوەی دیکەش هەینی رابردوو 09-09-2022 لە ناوچەی کەسرە گیانی لەدەستدا کە پیاوێکی تەمەن 83 ساڵ بوو. 
 
بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لەم وەرزەی ساڵدا شتێکی پێشبینیکراوە، وەک سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی دێرەزوور دەڵێت و هۆکاری بڵاوبوونەوەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە و کەم بەکارهێنان یان بەکارنەهێنانی ماددەی کلۆر بۆ پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە. 
 
رۆژانە لە نێوان 30 بۆ 40 کەس دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەکانی دێرەزوور بەهۆی گومانی تووشبوونیان بە نەخۆشی کۆلێرا، د. محەممەد سالم گوتی، "هەموو دۆخە گومانلێکراوەکان راست نین." 
 
ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی تەندروستیی سووریا لە هەژماری خۆیدا لە فەیسبووک رایگەیاند، تاوەکو رۆژی شەممە 15 تووشبووی نەخۆشیی کۆلێرا لە پارێزگای حەلەب لە سووریا تۆمارکراون و لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە