ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ جاری دووەم نەیتوانی رێککەوتنی بابلهەوا درێژبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ جاری دووەم نەیانتوانی لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنی دەروازەی بابلهەوا رێکبکەون. بەهۆیەوە گواستنەوەی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ باکووری رۆژئاوای سووریا وەستاون.
 
چەند رۆژێکە 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵی درێژکردنەوەی رێککەوتنی دەروازەی بابولهەوا دەدەن کە لە 2014ـەوە رێگە بە ناردنی خۆراک، ئاو و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ نێو باکووری رۆژئاوای سووریا دەدات، بەبێ دانپێدانانی دیمەشق.  
 
رۆژی دووشەممە، 10-7-2023، ئەنجوومەنی ئاسایش نەیتوانی دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بدات و بۆ سێشەممە دواخرا؛ لە سەرەتاشدا بۆ رۆژی هەینی دانرابوو.
 
سەرەتا میکانیزمی ناردنی هاریکاری لە تورکیاوە بۆ سووریا لە رێگەی چوار دەروازەی سنوورییەوە بوو، بەڵام ئێستا تەنیا بابلهەوا ماوەتەوە و لەڕێگەیەوە 80٪ـی تەواوی پێداویستییەکانی دانیشتووانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی سووریا دابیندەکرێت، کە بەشێکی رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
رێککەوتنەکە شەش مانگ جارێک نوێدەکرێتەوە و هەمیشەیی نییە، ئەویش بەهۆی گوشاری دیمەشقەوە کە خاڵە سنوورییەکە بە پێشێلکاریی بۆ سەر سەروەریی خاکەکەی دەزانێت.
 
گتفوگۆکان بۆ گەیشتنە رێککەوتن، بە درێژایی رۆژی دووشەممە بەردەوام بوون، بەڵام لە کۆتاییدا شکستیان هێنا.
 
باربێرا ودوارد، باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، "دەمانەوێت هەموو شتێک بکەین بۆ ئەو 4.1 ملیۆن کەسەی، ئەوپەڕی پێویستییان بە هاوکاری هەیە".
 
پاسکاڵ بایریسویل، باڵیۆزی سویسراش لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت "ئێمە زۆر زۆر بە سەختی کاردەکەین تاوەکو خاڵی هاوبەش بەرەو یەک ئامانج بدۆزینەوە، ئەویش پێداویستییە مرۆییەکانە؛ ئەو پێداویستیانەی کە هەن".
 
ئەو پێشنیازەی ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی لەسەر دەدات، لەلایەن سویسرا و بەرازیلەوە پێشکێشکراوە و داوای درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ، دەکات.
 
رووسیا دژی درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەیە، کە حوزەیرانی ساڵی رابردوو دەنگی بۆ درێژکردنەوەی دابوو بۆ ماوەی یەک ساڵ، بەڵام ئەم جارە رووسیا داوایکردووە تەنیا 6 مانگ درێژبکرێتەوە. بۆیە ئێستا سویسرا و بەرازیل پێشنیازی درێژکردنەوەی 9 مانگییان خستووەتە بەردەم رووسیا.
 
هەرچەندە ئێستا بابلهەوا داخراوە، بەڵام لە دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە، دوو دەروازەی سنووری دیکە بە فەرمانی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بۆ گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بە زیانلێکەوتووان کرانەوە. بە کراوەیی هێشتنەوەی ئەو دوو دەروازە سنوورییە، لە نێوەڕاستی مانگی ئابدا کۆتایی دێت.