رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی کەمپ و بەندینخانەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و هۆشداریی لە مەترسیی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعشیدا و بە "سوپایێکی بەندکراو" ناویبردن؛ گوتیشی، ئەگەر چەکدارانی داعش لە زیندانەکان بچنە دەرەوە، مەترسیی گەورەیان بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.
لە راگەیێندراوێکی رۆژی شەممەی سێنتکۆمدا هاتووە، جەنەڕال مایكڵ کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم لە چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیانی بەسەرکردوونەتەوە، لە نێویشیاندا گرتووخانەی غوێرانی شاری حەسەکە کە ساڵی رابردوو سەرووی 300 چەکداری داعشی تێدا کوژران دوای ئەوەی کە هەوڵی زیندانشکێنیان دا.
کوریلا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە کاتی بەسەرکردنەوەی گرتووخانەکە، هەستم بەو هەڕەشەیە کرد کە ئەم کۆمەڵە چەکدارە بەندکراوەی داعش دروستیان کردووە."کوریلا ئاماژە بەوە دەکات، هەڕەشەکە "لە نزیکبوونەوەدایە."
فەرماندەی سێنتکۆم هۆشداریدەدات و دەڵێت: "لە نێوان ئەوانەی لە سووریا و عێراق دەستبەسەرن، سوپایێکی بەندکراوی راستەقینەی داعش هەیە. ئەگەر ئازادبکرێن، دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر نێو و دەرەوەی ناوچەکەش."
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ساڵی 2019 بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی باغۆز، سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا راگەیاند. دەیان هەزار کەس، لە نێویاندا کەسوکاری چەکدارانی داعش، ماوەی چەندین ساڵە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، لەوانەش لە کەمپی هۆل کە سەرووی 10 هەزار هاووڵاتیی بیانیی تێدایە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەندین جار داوای لە وڵاتان کردووە هاووڵاتییەکانیان ببەنەوە، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتانە رێگەی گەڕانەوەیان تەنیا بە بەشێکی کەمیان داوە، ئەوەش بە هۆی مەترسیی ئەمنی و ناکۆکی سیاسیی نێوخۆ لەسەر گەڕاندنەوەیان.
سێنتکۆم دەڵێت، فەرماندەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەرانی گرتووخانەی غوێران، چەکدارە بەندکراوەکانی داعش بە "سەرسەخت، لەبار بۆ پەڕگیربوون و تووندڕەوبوونی زیاتر و بۆمبێکی کات بۆ دانراو" ناودەبەن.
کوریلا هەروەها سەردانی کەمپەکانی رۆژ و هۆلی کرد کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە. سێنتکۆم دەڵێت: منداڵانی نێو کەمپی هۆل "لە مەترسیی رۆژانەی پەروەردەی تووندوتیژیدان،" ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەو نێوجەوانانەی دایک و باوکی بیانییان هەیە، "حەزی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتە بنەڕەتییەکانیان دەربڕیوە."
کوریلا داوای کرد ژن و منداڵەکانی نێو کەمپی هۆڵ بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان و تێکەڵ بە کۆمەڵگەکانیان بکرێنەوە. هەروەها کەمپی هۆلیشی بە "هێمای نەهامەتیی مرۆیی" ناوبرد.
ساڵی 2017 لە باشووری کوردستان و عێراق سەرکەوتن بەسەر داعشدا راگەیێندرا، بەڵام شانە بەجێماوەکانی گرووپە پەڕگیرەکە لە بیابان و شاخە دوورەدەستەکانی عێراق و سووریا خۆیان حەشارداوە.
رۆژی شەممە، سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاند، ژمارەیەک چەکدار کە گومان دەکرێت سەر بە داعش بن، لە باکووری سووریا سێ کەسیان لە کاتی کۆکردنەوەی دومبەڵاندا کوشتووە و 26ی دیکەشیان رفاندووە.
کوریلا گوتی: شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکە "شەڕێکە لە پێناو ئاساییش و سەقامگیریی نەک تەنیا سووریا و عێراق، بەڵکو تەواوی ناوچەکە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین رێگە بە سەرهەڵدانەوەی داعش بدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ