ئەزموونى ئەحمەد شەرع لە عێراق؛ 8 ساڵ و 4 گرتووخانە

11-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، یان وەک ئەوەى عێراقییەکان بە ئەحمەد جۆلانى ناسیویانە، لە تەمەنی 19 ساڵیدا لە سووریاوە چووەتە عێراق و لەوێ 4 گرتووخانەى بینیوە. وەک خۆى دەڵێت، لەگەڵ زۆر گرووپى چەکدار لە عێراق کاری کردووە، تاوەکو خۆى لە رێکخراوى قاعیدە بینیوەتەوە. 
 
چیرۆکى ئەو گەشتەى سەرۆککۆمارى ئێستاى دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بۆ عێراق، زياتر لە 8 ساڵى خایاندووە بۆ "دەستکەوتنى ئەزموون."  
 
ئەحمەد شەرع، ئەزموونى گەشتەکەى بۆ عێراق لە چاوپێکەوتنێکى پۆدکاستى ''THE REST IS POLITICS''ـى بەریتانى گێڕایەوە و دەڵێت "کە چووەمە عێراق، تەمەنم 19 ساڵ بوو." 
 
ئەحمەد شەرع چیرۆکى گەشتەکەى بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە؛ بۆ دەستکەوتنى ئەزموون و زانیارى بووە، بۆ ئەوەى دواتر بگەڕێتەوە سووریا و لە دژى دەسەڵاتى پێشووى ئەو وڵاتە بەکاریبهێنێت.
 
چوونى ئەحمەد شەرع بۆ سووریا لە ساڵی 2003 بووە، هاوکات لەگەڵ هێرشی سوپاى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بۆ رووخاندنى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس لە عێراق. 
  
ئەحمەد شەرع دەڵێت "لە چوونم بۆ عێراق دوو ئامانجم هەبوو، کاتێکى گونجاو بوو بۆ ئەوەى لەوێ فێربم و ئەزموون پەیدا بکەم لەڕێى بینینى جەنگێکى تەواو، تاوەکو بگەڕێمەوە بۆ سووریا و سوود لەوە ببینم، جگە لەوەش وەکو گەنجێک، جۆشم هەبوو بۆ بەرگریکردن لە عێراقییەکان لە دژى ئەو داگیرکارییە."
 
لە کاتى گەشتەکەى شەرع دا، لە عێراق شەڕ لەنێوان چەند گرووپێکى چەکدار و رێکخراوى قاعیدە لەدژى سوپاى ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکانى عێراق هەبوو.
 
ئەحمەد شەرع گوتى، "لەگەڵ چەند گرووپێکى چەکدار لە عێراق کارم کردووە، دواتر ئەوانە بچووک بوونەوە یان چوونە پاڵ گرووپى دیکە، دواتر خۆمم لەنێو رێکخراوى قاعیدە بینییەوە." 
 
باڵى عێراقى رێکخراوى قاعیدە یەکێک بوو لە گرووپە تووندئاژۆ چەکدارەکان، کە چەکدارى بیانیشى هەبوو. وەک ئەحمەد شەرع دەڵێت "بە ماوەیەکى کەم، دواى گەیشتنم بە عێراق دەستگیر کرام، ئەزموونى گرتووخانەکانى ئەبوغرێب، کرۆپەر، بۆکا و تاجى ـم بینیوە."
 
ئەحمەد شەرع گوتى "لە گرتووخانە خەڵکی زۆرم ناسی و هۆشیارتر بووم، لەو ماوەیەى لە گرتووخانە بووم، شەڕی تائیفی لە عێراق روویدا و من زۆر لێی دووربووم، تەنانەت لە دواى گرتووخانەش بەوشێوەیە کارم نەدەکرد کە ئەوانى دیکە کاریان لەسەر دەکرد، ئەوانەى کە بڕوایان بە داعش هەبوو (کە دواتر دروست بوو) تێبینییان لەسەرم هەبوو."
 
لەساڵى 2007، شەڕی تائیفى نێوان شیعە و سوننە لە عێراق گەیشتە ترۆپک، رێکخراوى قاعیدە لە بەرەى سوننە هەژمار دەکرا و رۆڵى سەرەکیى لە شەڕکردن لە دژى گرووپە چەکدارەکانى شیعە دا هەبوو.
  
"کە لە گرتووخانە بووم، پلانم بۆ گەڕانەوەم بۆ سووریا دادەنا، راوێژم بەو سوورییانەش دەکرد کە لە گرتووخانە بوون، دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنى شۆڕشى سووریا، ئازادکرام و دواتر گەڕامەوە."
 
ساڵى 2011 شۆڕشى سوورییا دەستیپێکرد، ئەحمەد شەرع تاوەکو رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونى یەکەمى 2024، سەرپەرشتیى بەرەى تەحریر شامى دەکرد، 29ـی كانوونى دووەمى ئەمساڵ، وەک سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر دیاریکرا.
 
ئەحمەد شەرع گوتى، "کاتێک گەڕامەوە، هەوڵمدا چەندین مەرج بسەپێنم، لەوانە؛ دووبارەنەکردنەوەى ئەزموونى عێراق لە سووریا و رۆنەچوونە نێو شەڕی تائیفى." 
 
پەیوەندیی ئەحمەد شەرع و رێکخراى داعش، هەروەها ئەزموونى مانەوەى 8 ساڵەى لە عێراق، هێشتا جێگەى مشتومڕە، خۆى دەڵێت "رەنگە ئەو چیرۆکە شتى نامۆى تێدابێت، بەڵام دەبێت بەگوێرەى تەمەنەکەم هەڵبسەنگێندرێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە