رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: سووریا لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لەبیرکراوە

11-02-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێنج رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتدا تێپەڕی و بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHOش دەڵێت، جیهان سووریای "لە بیرکردووە". WHO ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە شاری دوبەی ئیماراتەوە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە پێداویستیی پزیشکی بنێرێتە سووریا. 
 
مایک راین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی فریاگوزاریی ئاژانسە تەندروستییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی گوتی: "بارێکی گەورەی" یارمەتی دەنێردرێتە باکووری رۆژئاوای سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی دژی حکومەتی دیمەشقدایە. 
 
دەروازەی بابلهەوا تاکە رێگەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان بێ ئەوەی یارمەتییەکە بە نێو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادا بڕوات، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزە 7.8 پلەکەی دووشەممەی رابردووەوە، بەشێوەیەکی کاتی، ئەو هێڵە مرۆییە وەستا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، یەکەمین کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان لە بابلهەواوە لە تورکیاوە چووە نێو سووریا. 
 
مازن عەلووش، بەڕێوەبەری دەروازەی بابلهەوا، کە رۆژی هەینی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی رووداو کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، بەشدار بوو، ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی هەینی کاروانی دووەمی یارمەتییە مرۆییەکان "کە لە شەش بارهەڵگر پێکهاتبوو،" لە رێگەی دەروازەکەوە گەییشتوونەتە سووریا، دوای ئەوەی کە رۆژی پێنجشەممە 14 بارهەڵگر گەیشتبوون. 
 
بە گوێرەی بەرپرسەکە، رێکخراوە خێرخوازییەکانی تورکیاش "زیاتر لە 30 بارهەڵگر" و هەرێمی کوردستانیش 13 بارهەڵگری یارمەتیی مرۆییان لە رێگەی دەروازەی بابلهەواوە ناردووەتە سووریا. 
 
مازن عەلووش بە رووداوی گوت، ئەو یارمەتییانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە نێردراون، لە شاری جندرێسی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دابەش دەکرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی شەممە 22 بارهەڵگری دیکەی نەتەوە یەگرتووەکان دەگەنە جێ. 
 
لە دوبەی، لە کاتی ئامادەکردنی یارمەتییە مرۆییەکان، مایک رایان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "جیهان سووریای لەبیرکردووە. بە راشکاوی، بوومەلەرزەکە سەرنجەکەی گەڕاندەوە؛ ئەو ملیۆنان کەسەی لە سووریان، ماوەی چەندین ساڵە دەناڵێنن. ئەمە بووەتە قەیرانێکی لەبیرکراو."
 
رۆژی پێنجشەممە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەنجوومەنی ئاساییش کرد، رێگە بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی زیاتر بدات بۆ ئەوەی لە تورکیاوە یارمەتی بگەیێندرێتە سووریا. 
 
ئەم هەفتەیە، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشدارییدا کە "کات لەدەستدەچێت" بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو خەڵکەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەوە.  
 
تەنانەت پێش بوومەلەرزەکە، بەهۆی نزیکەی 12 ساڵ لە شەڕی بەردەوام، ژمارەیەکی زۆری نەخۆشخانە و وێستگەی کارەبای رۆژئاوای کوردستان و سووریا زیانیان بەرکەوتبوو و کەمی ئاو و سووتەمەنی کێشەیەکی بەردەوامی باکووری رۆژئاوای سووریا بووە. 
 
رایان ئاماژەی بەوە کرد: "بارێکی گەورەی پێداویستییەکان ئامادەیە بۆ رۆیشتن. زۆر ئاژانس، لەوانەش ئاژانسەکەمان، بەهۆی زستانەوە ئامادەکاریی پێشوەختیان کردبوو، چونکە خەڵکەکە پێشتریش لە مەترسیدابوو. ملیۆنان خەڵک کێشەی گەورەیان هەیە."
 
پێش ئەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بگەن، دەرفەتی دەرهێنانی خەڵک بە زیندوویی لە ژێر دارووپەردووەکاندا کەمببووەوە، چونکە یارمەتییەکە دوای تێپەڕینی سێ رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەدا گەییشتە ئەو ناوچانە.  
 
رایان هۆشداری دەدات کە ئێستا سووریا رووبەڕووی "کارەساتی دووەمی" لەدەستدانی ژیانی خەڵک دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پێداویستیی پزیشکی.  
 
رایان گوتیشی: "پێویستە دان بەوەدا بنێین کە قەبارەی ئەم کارەساتە هێندە گەورەیە کە لە توانای هەموو کەسێک بەدەرە، ئەگەر ئەوان کەرەستەکانیان نەبێت، ناتوانن کارەکەیان بکەن، وەکو ئەوە وایە داوا لە کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە بکەیت بچێت ئاگربکوژێنێتەوە بێ ئەوەی سۆندەی کوژاندنەوەکەی پێ بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە