رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا راگەیاند، هەواڵگریی وڵاتەکە پلانێکی داعشی بۆ تەقاندنەوەی مەزارگەی سەیدە زەینەب لە پارێزگای گوندەواری دیمەشق پووچەڵ کردووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا وێنەی چوار پیاوی بڵاوکردەوە کە گوایە ئەندامی دەستگیرکراوی شانەیەکی داعشن.
هەروەها وێنەی ئەو چەک و کەلوپەلانەشی بڵاوکردەوە کە گوایە دەستی بەسەردا گرتوون، لە نێویاندا موبایل، تفەنگ، سێ بۆمب و ژمارەیەک نارنجۆک. لە هەمان وێنەدا ناسنامەی دوو هاووڵاتیی لوبنانی و پەنابەرێکی فەلەستینی کە لە لوبنان دەژی، دەردەکەون.
پێش رووخانی بەشار دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، چەکدارانی سەر بە ئێران لە دەروازەی مەزارگەی سەیدە زەینەب جێگیرکرابوون.
لەسەر ئاستی مەزارگەکانی سووریا، زۆرترین زیارەتکاری شیعەی نێوخۆ و دەرەوە سەردانی سەیدە زەینەب دەکەن.
دوای رووخانی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانییەوە، چەکدارانی سەر بە ئێران مەزارگەکەیان جێهێشت.
چەکدارانی سەر بە ئێران پشتیوانیی سەرەکیی بەشار ئەسەد بوون لەو شەڕە نێوخۆییەی کە ساڵی 2011 دەستیپێکرد.
مەزارگەکانی شيعە لە عێراق و سووریا چەندین جار لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کراونەتە ئامانج.
داعش لە تەممووزی 2023 مەزارگەکەی بە تەقینەوەیەک کردە ئامانج و لانیکەم شەش کەس لە نزیک مەزارگەکە کوژران. ئەمە یەکەم جارە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا پووچەڵکردنی هێرشێکی داعش رادەگەیێنن.
لە ساڵانی سەرەتای جەنگی نێوخۆی سووریادا، داعش رووبەڕێکی گەورەی سووریا و عێراقی کۆنترۆڵکرد و لە ساڵی 2014 "خەلافەت"ی راگەیاند.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پشتیوانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2019 تێکشکاندنی خەلافەتەکەی راگەیاند، بەڵام شانە نووستووەکانی لە بیابانە بەرینەکانی سووریا خۆیان گیرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ