دوو گەنجی دیكەی باشووری كوردستان لە حمس كوژران

11-01-2014
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو – هەولێر

لە ئاكامی بۆردوومانەكەی دوێنێی هێزەكانی رژێمی ئەسەد بۆ سەر گەڕەكی خالیدییەی شاری حمس، 45 كەس كوژراون، كە دو‌وانیان كوردی باشوورن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، لەو بۆردوومانەدا 45 كەس لە (كەتیبەكانی فارووق) كوژراون، كە دووانیان خەڵكی شاری هەڵەبجەی باشووری كوردستانن و بەمەبەستی "جیهاد" چوونەتە ئەو وڵاتە.

سەرچاوەكەی رووداو ئامادەنەبوو ناوی ئەو دوو كەسە كوژراوە بهێنێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئەو ژمارەیەك گەنجی دیكەی باشووری كوردستان هەر لەنێو ئەو كەتیبەیەدا كوژراون.

هەر دوێنێ گەنجێكی دیكەی باشووری كوردستان بە ناوی (رابەر) خەڵكی هەڵەبجە لە قامیشلۆ كوژرا.

رۆیشتنی گەنجانی هەرێمی كوردستان بۆ سووریا دەمێكە دەستیپێكردووەو زۆربەیان لە ناوچەكانی هەورامان و هەڵەبجە و گەرمیان و باڵەكایەتی و هەندێكیشیان لە هەولێرەوە رۆیشتوون، ئەوەی زانراوە تاوەكو ئێستا 14 گەنجی كورد لە سووریا كوژراون. ژمارەیەكی دیكەش بە تۆمەتی ئەوەی ویستوویانە بچنە سووریا دەستگیركراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە