رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە دیسکی ئینگلیزیی رووداوی راگەیاند، سوپای نیشتمانیی سووریا کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری ئۆپۆزسیۆن پێکدێت، شاری منبجی باکووری سووریایان لە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەرهێنا.
سوپای نیشتمانیی سووریا، ماوەی دوو هەفتەیە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شارەکەی دەدات، بەڵام رووبەڕووی بەرخودانی بەهێزی ئەنجوومەنی سەربازیی منبجی سەر بە هەسەدە بووەوە.
رۆژی دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆنترۆڵکردنی منبجی راگەیاند و میدیای تورکی ژمارەیەک ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە، کە گوایە چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریان لەنێو شارەکەدا.
بەرپرسەکەی رۆژئاوای کوردستان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە کاروان فەیزی، هەواڵسازی دیسکی ئینگلیزیی رووداوی راگەیاندووە، ئێستا ئەو شارە ستراتیژییە کە شەڕڤانانی کورد لە ساڵی 2016 لە داعش ئازادیانکردبوو، کەوتووەتە دەستی چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا.
هەسەدە ژمارەیەک ڤیدیۆی شەڕی بڵاوکردەوە کە بەگوتەی خۆی، بەرخودانی شەڕڤانان لە دژی چەکداران لەنێو شارەکەدا نیشاندەدەن. هێزە زۆرینە کوردییەکە دەڵێت، لە دوو هەفتەدا زیانی بەرچاویان بە چەکدارەکان گەیاندووە.
هەسەدە، کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا لە ئاسمانەوە پشتیوانی لە چەکدارەکان کردووە.
پێشهاتەکە لەکاتێکدایە؛ سووریا بە گۆڕانێکی مێژوویدا دەڕوات، دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، رۆژی یەکشەممە، کۆتاییان بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنا.
سوپای نیشتمانیی سووریا رایگەیاندووە کۆنترۆڵکردنی منبج بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنی "گزنگی ئازادی" کە کۆتایی مانگی رابردوو لە تەلرەفعەت دەستیپێکرد و شارەکەی لە دەستی هەسەدە دەرهێنا.
رۆژی دووشەممە، ئەردۆغان گوتی، ئەنقەرە "چاوی لە خاکی وڵاتانی دیکە نییە. تاکە مەبەستی ئۆپەراسیۆنە سنووربڕەکانمان پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتیانمانە لە دژی هێرشی تیرۆرستی،" هەروەها باسی لەوە کرد، "رێگە بە دروستبوونی سەرچاوەی نوێی تیرۆر لەودیوی سنوور نادەین."
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن تورکیاوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
رۆژی هەینی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختیکردەوە کە دەیانەوێت ئاشتییانە کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن.
رۆژی یەکشەممە، رووداو لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای پرسی 'ئایا ئامادەن کۆتایی بە گرژییەکان لەگەڵ هەسەدە بێنن و گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن؟' فیدان لە وەڵامدا گوتی "بە کورتی، نەخێر، مەگەر خۆیان بگۆڕن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ