رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دانوستاندنکاری هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پەیامێک ئاراستەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "مەسعود بارزانی دۆسیەی سووریا وەکو دۆسیەی خۆی دەبینێت".
دەستەی دانوستاندنکاری هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، راگەیێندراوێکی ئاراستەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە تێیدا هاتووە: "لەم کاتە هەستیارەدا، روو دەکەینە عێراقی برامان بە گەل و حکومەتەوە، بۆ دڵنیاییدان لەوەی شۆڕشی سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە ئۆپۆزیسیۆن بۆ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد کردوویەتی، هیچ زیان و گرفتێک بۆ عێراقی خۆشەویست دروست ناکات. کە ئێمە بە برای سووریای دەزانین و لە خۆشی و ناخۆشییدا هاوبەش بووین، هەروەها وەک هاوبەشێک بەرەو ئاییندەیەکی باشتر و ئاسایشی زیاتر".
دەستەی دانوستاندنکاری هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە هێشتا پەیوەندییەکی باش و ئەرێنیمان لەگەڵ عێراق هەیە، لەنێوان هەردوو وڵاتیشدا هاوبەشیی، بەرژەوەندی، مێژوو و هیوای زۆر هەن لە هەژمار نایەن، هەردوو دەوڵەت ناوەندی و گرنگن لە ناوچەکە، لەسەر شانیشیان بەرپرسیاریێتی زۆر هەن بۆ گەرەنتیی ئاسایش و بڵاوکردنەوەی ئاشتیی لە سەرجەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا".
دەستەکە لە راگەیێندراوەکەیدا باسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هەروەک چۆن ئێمە سوپاسی برایانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین، لەپێش هەموویانەوە مەسعود بارزانی، کە وەکو دۆسیەیەکی خۆی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی سووریا دەکات، هەروەها پاڵپشتی مافەکانی گەلی سووریای زۆر کردووە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت".
دەستەکە لەبارەی پەنابەرانی سووریا کە لە هەرێمی کوردستانن رایگەیاندووە: "روو دەکەینە برایان و کەسوکارە سوورییەکانمان بەتایبەتی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدان، کە بەهۆی تووندوتیژییەکانی رژێم وەکو پەنابەر و هەڵاتوو لای برایانمان لە هەرێمی کوردستان میوانن، دوای شۆڕشی گەلی سووریا و پاڵەوانانمان، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەڕێنەوە ماڵ و زێدی خۆیان لە سووریا، بۆ هاریکاری لە چەسپاندنی ئەمن و ئاسایشی وڵات و پاڵپشتیکردنی هێزەکانمان بۆ دووبارە بنیانتنانەوە و گەشاندنەوەی سووریا".
دەستەی دانوستاندنکاری هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، "ئەم راستییانە لە پێشینە دابنێت، بە راستگۆیی و جیدیبوونەوە لاپەڕەی پێشوو دابخەین و پێکەوە لەگەڵ برا عێراقییەکانمان لاپەڕەیەکی نوێ بۆ هاوکاری، برایەتی و ئاشتی هەڵدەینەوە".
دەستەی دانوستانکاری هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، دەستەیەکی سیاسییە کە ئەرکی دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی پێشووی سووریای بەگوێرەی رێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەستۆ بووە.
دەستەکە لە کانوونی یەکەمی 2015، یەکەمین کۆنفرانسی خۆی لە ریازی پایتەختی سعودییە کرد، کە لەوێدا و بە ئامادەبوونی 150 کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێکهێنانی دەستەکە راگەیێندرا، کە ئەوکات بە "دەستەی باڵای دانوستانکار" ناسێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ