رووداو دیجیتاڵ
لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، دەکرێت پاشماوەی رێکخراوی پەڕگیری دەوڵەتی بەناو ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە سووریا بەهێزببنەوە، لە ئەنجامدا رێکخراوەکە دەست بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان بکات و چەکدارە بەندکراوەکانی لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئازادبکات.
داعش، هەمیشە بۆ گەشە و پەلهاویشتن سوودی لە جەنگ و پشێویی وڵاتان بینیوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە حکومەتەکانیان دەڕووخێن.
چەکدارانی داعش بە شانەی بچووک بچووک، خۆیان لە حەشارگەکانی بیابانی رۆژهەڵاتی سووریادا پەناداوە.
دوای نیو سەدە لە فەرماڕەوایی ئاگر و ئاسنی بنەماڵەی ئەسەد و 13 ساڵی جەنگی نێوخۆ، ئەگەر ئەم قۆناخە راگوزەرە تەنگژەی تێبکەوێت، دەکرێت چەکدارانی داعش بیقۆزنەوە، ئەگەرێک کە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە ئاشکرا دەڵێن لێی دەترسن.
کۆڵن کلارک، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگەی توێژینەوەی سۆفان لە نیویۆرک دەڵێ "بێ هیچ گومانێک، ئاڵۆزی و پشێوی بۆ داعش نیعمەت دەبێت. داعش کاتی خۆی وەرگرتووە و هێدی هێدی تۆڕەکانی لە سەرانسەری وڵاتەکە بنیاتدەنێتەوە."
لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەیە بەوەی ئەمریکا بۆنی مەترسییەکەی کردووە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەو وڵاتە (سێنتکۆم) رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، زیاتر لە 75 پێگەی داعشی لە سووریا بۆردوومانکردووە.
هەفتەنامەی ئەلنبەئی داعش لە دوایین ژمارەیدا دەڵێت، رێکخراوەکەیان هیچ حکومەتێکی نوێ لە دیمەشق قبووڵ ناکات، مەگەر دەسەڵات بە دەستی داعشەوە بێت.
لۆرێنس بایندنەر، هاودامەزرێنەری دەزگەی JOS Project کە چاودێریی پڕوپاگەندەی گرووپە پەڕگیرەکان دەکات، دەڵێت پێچەوانەی "خەلافەتی" داعش کە لە ساڵی 2014-2019 بەشێکی گەورەی عێراق و سووریای گرتبوو، ئامانجی ئەو گرووپە چەکدارە ئیسلامییانەی دەسەڵاتی ئەسەدیان رووخاند ئەوەیە "وڵاتێکی سڤیلی و دیموکراسی دروستبکەن، واتە زۆر لە پڕۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی شەريعەت دوورکەوتوونەتەوە."
بیندنەر دەڵێت، پێچەوانەی ئەوان، چەکدارانی داعش کە خۆیان بە جیهادی دەزانن "خۆیان بە تاکە جێگرەوە دەبینن بۆ جێبەجێکردنی بنەما ئایینییەکان و دژایەتیی بەرژەوەندییە بیانییەکان دەکەن."
خانمە لێکۆلینڤانەکە هەروەها باس لەوە دەکات، داعش ناڕەزایی تووندی بەرامبەر دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە چەکدارەکانی دیکە هەیە، بەتایبەتی لەسەر داواکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ پێکهاتەکانی وەک عەلەوی، ئێزدی و کریستیان، چونکە پێکەوەژیان لەگەڵ ئەو پێکهاتانە "پێچەوانەی روانگە تووندەکەی داعشە."
شێوازی ئەفغانی
داعشی ئێستا بەراورد بە داعشی پێشوو تەنیا سێبەرە، ئەو رێکخراوەی کاتی خۆی هەموو بڕیارەکانی ناوەندی (مەرکەزی) بوون و دەیتوانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا، لقەکانی هەڵبسوڕێنێت و لەو شوێنانە و تەنانەت رۆژئاواش، هێرش و تەقینەوە بکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، زۆر لە پسپۆران هۆشداری دەدەن لەوەی نابێت مەترسییەکەی بە کەم دابنرێت و، هێشتا زووە دێڕی کۆتایی رێکخراوەکە لە پەرتووکەکانی مێژوودا بنووسرێتەوە.
ساڵی 2023، رێکخراوەکە بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 121 هێرش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، واتە زۆر کەمتر بەراورد بەو هەزار و 55 هێرشەی لە ساڵی 2019 بەرپرسیاریێتیی خۆی لێ راگەیاندبوون، بەڵام ئەمساڵ دووبارە هێرشەکانی زیادبوونەتەوە.
ئارۆن زێلین، لێکۆلینڤانی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی هەدسن لە ئەمریکا نووسیویەتی "بەڵگەی بەرچاو هەن لەسەر ئەوەی؛ داعش بەمەبەست راگەیاندنی بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکان لە سووریا کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی وا پێشانیبدات لاوازترە لە ئاستی راستەقینەی خۆی."
تەنانەت دوای کەوتنی "خەلافەت"، داعش "لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا بەردەوام بووە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی باجی 2.5٪ لە هەموو کەسێک وەربگرێت."
داعش هەروەها ئەزموونێکی دوورودرێژی لە هەراسانکردن و تەنگهەڵچنین بە حکومەتەکان هەیە، کە چاوەڕێدەکرێت لەبەرامبەر حکومەتی نوێی سووریاش دووبارەی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر لەلایەن دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)ـشەوە سەرکردایەتی بکرێت، ئەگەرچی هەتەشەش هەڵگری هزر و بیری تووندی ئیسلامییە.
یۆرام شڤایتزەر، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئیسرائل و لێکۆڵینڤانی ئێستای پەیمانگەی لێکۆڵینەوە نیشتمانییەکان لە ئیسرائیل دەڵێت "ئەگەر، هەتەشە سووریا کۆنترۆڵ بکات، داعش هەوڵدەدات زۆرترین رووبەر لە چنگی دەربێنێت."
دەشڵێت، ستراتیژیی داعش بۆ ئەو کارە، "هاوشێوەی ئەوە دەبێت کە داعشی خوراسان لە کاتی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان کردی."
کەمپ و زیندانەکان
گرنگ نییە دەسەڵاتی دیمەشق دەکەوێتە دەستی کام لایەن، چاوەڕێ دەکرێت داعش یەک کاردانەوەی هەبێت.
شڤایتزەر دەڵێت "هەر کەسێک لە دەسەڵاتدا بێت، داعش لە بنەڕەتدا وەک دووژمن سەیری دەکات و لە دژی دەجووڵێتەوە."
یەکێک لەو خاڵانەی داعش دەکرێت بە خێرایی بیانقۆزێتەوە و چاویان تێ ببڕێت، کەمپ و زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە، کە چەکدارانی داعش و ژن و منداڵانیانی تێدایە.
گرووپەکە پێشتریش ئەو هەوڵەی داوە. کانوونی دووەم (مانگی یەک)ـی 2022، داعش توانی زیندانی غوەیران لە حەسەکە بشکێنێت. بەڵام چاوەڕێدەکرێت ئەمجارە ئامانجی سەرەکیی گرووپەکە کەمپی زەبەلاحی هۆل بێت، لە هەمان شار.
شڤایتزەر دەڵێت "داعش هەوڵدەدات دۆخەکە بقۆزێتەوە و زیندانەکە بشكێنێت، یان یارمەتیی ئەوانەی نێوی بدات بۆ ئەوەی زیندانەکە بشكێنن و هەڵبێن."
لێکۆلینڤانەکە روونیدەکاتەوە؛ بەهۆی قەرەباڵخییەوە، لەم ساڵانەی دواییدا هەسەدە لە پاراستنی ئارامیی کەمپەکان رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، چونکە لە هەمان کاتدا لەژێر هێرشی تورکیادا بوون.
ئەو لێکۆلینڤانانەی لەم راپۆرتەدا قسەیانکردووە پێیانوایە، رێگەیەکی هەرە تۆکمەی رێگریکردن لە سەرکەوتنی داعش ئەوەیە ئەمریکا ئەو 900 سەربازەی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان جێگیرکردوون، نەکشێنێتەوە و لە هەمان کاتدا، نەهێڵێت تورکیا هێرش بکاتە سەر هەسەدە.
کلارک دەڵێت، شەڕی دژی داعش لە سووریا بۆ ترەمپ "بەشێکە لە میرات"ـی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی (2016-2020). دەشڵێت "بڕواناکەم ترەمپ بیەوێت بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و پیدانی گڵۆپی سەوز بە تورکیا بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر کورد، میراتەکەی لەدەستبدات،" هۆشداریش دەدات ئەگەر ترەمپ هێزەکانی بکشێنێتەوە، "داعش سوودمەندی سەرەکی دەبێت."
ئەمریکییەکان چی دەڵێن؟
دوای رووخانی ئەسەد، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، داوایان لە هاوتا تورکییەکانیان کردووە، نەهێڵن هێرشی گرووپە چەکدارەکان ببێتە مەترسی بۆ سەر شەڕی دژی داعش.
رۆژی دووشەممە، 09-12-2024، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت: "ئێمە دەمانەوێت گرژییەکان کەمببنەوە. نامانەوێت هیچ لایەنێک سوود لەم بارودۆخە وەرگرێت و بیقۆزێتەوە."
هەروەها لینزی گرام، سیناتۆری کۆماری رۆژی دووشەممە، داوایکرد؛ ترەمپ نەهێڵێت تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری هێرش بکەنە سەر هەسەدە.
پێنتاگۆنیش رۆژی یەکشەممە، رایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەمریکا داوای لە هاوتا تورکییەکەی کردووە، "مەترسی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا، هاوبەشەکانی و شەڕی دژی داعش" دووربخاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ