رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی کاروباری سیاسیی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی کۆبووەوە و دەڵێت "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە".
رۆژی سێشەممە، 10-12-2024، ئیدارەی کاروباری سیاسیی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایگەیاند "لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی عێراق، بەحرەین، عومان، میسر، ئیمارات، ئوردن، سعودیە و ئیتاڵیا کۆبووینەوە".
ئیدارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، باڵیۆزەکان بەڵێنیانداوە هاوئاهەنگی لە ئاستی باڵا لەگەڵ حکومەتی نوێ بکەن".
بەرپرسانی قەتەڕ رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی دیکەدا باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دەکاتەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا چالاک دەبێت. کارەکانی پاککردنەوە و چاککردنەوەی ئەمڕۆ دەستیان پێکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە(10-12-2024) لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتی راگوزەر بەڕێوەچوو. بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) فەرماندەی گشتیی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان.
محەممەد غازی جەلالی، سەرۆکی حکومەتی رژێمی بەشار ئەسەدی رووخاو و سەرۆکی حکومەتی کاتی و وەزیرەکانی پێشوو لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی رزگاریی نیشتمانیی بەشداربوون.
لە کۆبوونەوکەدا، محەممەد بەشیر راسپێردرا بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی راگوزەر لە سووریا، تاوەکو یەکی ئاداری 2025.
محەممەد بەشیر، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا دوای راسپاردنی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا. تیمی حکومەتی رزگاریی سووریا، لە ناوچەی ئیدلب و دەورووبەری کاری دەکرد بەشداربوون لەگەڵ تیمیی حکومەتی سووریای رژێمی لابراو."
سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا گوتی: "ناونیشانی دانیشتنەکە گواستنەوەی دامودەزگا و دۆسییەکان بوو لە حکومەتی رژێمی لابراو بۆ حکومەتی کاتی سووریا، ئەوەش لە پێناو وەرگرتنی دۆسییەکان و راییکردنی کاروبارەکان".
محەممەد بەشیر گوتیشی، "پشت بەخودا حکومەتەکە بۆ راییکردنی ماوەی راگوزەرەکە دەکرێت لە 1-3-2025 کۆتایی بێت. فەرماندەیی گشتیی رایسپاردووین بۆ راییکردنی کاروبارەکانی حکومەتی سووریا، تاوەکو یەکی مانگی سێی ساڵی 2025".
سەبارەت بە پێکهاتەی وەزیر و کابینەکەی، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا ئاماژەی بەوەکرد، لە حکومەتی رزگاریی پێشووی سووریا، هەندێک وەزیر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دامودەزگای گشتییان هەبوو.
وەزارەتی هاوتایان لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی سووریای رژێمی لابراو هەیە وەک وەزارەتەکانی داد و ئەوقاف؛ ئەمانە وەزیریان هەیە. هەندێک دامەزراوەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی، یاخود تێکەڵکردنی وەزارەتەکانن. ئەمانە لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، یاخود وەزارەتەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی رژێمی لابراو رێک و تێکەڵ دەکرێن.
رۆژی یەکشەممە (10-12-2024) حکومەتی رزگاری لە ئیدلیب بە یاوەری ئەحمەد شەرع و محەممەد بەشیر سەرۆکی حکومەتی رزگاریی گەیشتە دیمەشق.
بەشیر سەرۆکایەتیی حکومەتی رزگاریی دەکرد کە ئۆپۆزیسیۆن پێش دەستپێکردنی هێرشەکەیان پێکیانهێنا، دوای 12 رۆژ لە هێرشەکانیان رژێمەکەی بەشار ئەسەد رووخا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ