نەتەنیاهوو: رووخساری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕین

دوێنێ کاژێر 08:45
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سوپای ئیسرائیل وردەکاریی هێرش و بۆردوومانەکانی دوو رۆژی رابردووی بۆ سەر سووریا بڵاو دەکاتەوە و رایگەیاند، تائێستا 70٪ـی توانای سەربازی سووریایان لەنێوبردووە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەوان لە پرۆسەی گۆڕینی رووخساری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.  
 
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لەوەتەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخاوە، 480 پێگەی ستراتیژیان لە سووریا کردووەتە ئامانج و ئاماژە بەوەش دەکەن، ئامانج لەو هێرشانە ئەوەیە رێگە نەدرێت ئەو چەک و تەقەمەنیەی لەلایەن سوپای سووریاوە بەجێهێڵدراون، نەکەوێتە دەست گرووپە تیرۆرستیی و ئیسلامییەکان. 
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە ناوی "تیری باشان" بووە، 350 فرۆکەی جەنگی بەشداربوون. "تیری باشان" ئاماژەیە بە ناوی کۆنی ناوچەکانی باشووری سووریا و رۆژهەڵاتی ئوردن کە لە تەورات-دا ئەو ناوچەیە بە باشان هاتووە. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت لەو ئۆپەراسیۆنەی سووریا لە 70 بۆ 80٪ـی توانای سەربازیی سوپای سووریایان لەنێوبردووە. هەروەها لە هێرشەکاندا چەندین شوێنی گرنگیان لە شارەکانی تەرتووس و دیمەشق بەئامانج گرتووە کە چەکی پێشکەوتوو، تانک، هەلیکۆپتەری سەربازی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، مووشەک، رۆکێت و کارگەی بەرهەم هێنانی چەک و چەندین جبەخانەی گرنگیی سوپای سووریای تێدابووە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە، 09ـی کانوونی یەکەمی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی رووخانی دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد لە سووریا و رۆڵی ئەوان لەو گۆڕانکارییە، رایگەیاند، "رووخانی رژێمی سووریا، دەرئەنجامی راستەوخۆی لێدانە بەهێزەکانی ئێمە بوو لە حەماس، حیزبوڵڵا و ئێران. ئەو بەرەیە هێشتا لەنێونەچووە، بەڵام بەڵێنتان پێدەدەم، ئێمە رووخساری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕین." 
 
نەتەنیاهوو گوتیشی، "هەنگاو بە هەنگاو بەسەر دوژمنەکانماندا سەردەکەوین لە جەنگێکی دژی بوونمان کە بەسەرماندا سەپێندرا." 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە