دابەزینی بەهای لیرەی سووری لە بازاڕی رەش ریکۆردی شکاند
رووداو دیجیتاڵ
بەهای لیرەی سووری لە بازاڕی رەش بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا دابەزی، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی سووتەمەنی لە سووریا.
شەڕی 11 ساڵەی نێوخۆی سووریا و سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا، زیانی رووخێنەریان بە ئابووریی سووریا گەیاندووە؛ بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 90٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
بۆ یەکەمجار، لە بازاڕی رەشدا، یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 6 هەزار لیرەی سووری مامەڵەی پێوەکرا.
لە کاتێکدا رێژەی ئاڵۆگۆڕی فەرمیی سووریا لە مانگی ئەیلوولەوە، دەکاتە 3 هەزار و 15 پاوەند بەرامبەر بە یەک دۆلار، لە کاتێکدا کە ساڵی 2011، واتە پێش شەڕ، یەک دۆلار بەرامبەر بە 47 لیرە بوو. ئەمەش بە واتەی ئەوە دێت، لە بازاڕی رەشدا، دراوی سووری 99٪ی بەهاکەی لەدەستداوە.
مووچەیەکی مانگانەی مامناوەندی 130 هەزار لیرەیی لە سووریا، ئێستا دەکاتە تەنیا 21 دۆلار. قەیرانی سووتەمەنی لە چەند هەفتەی رابردوودا لە سووریا سەختتر بووە، ئەوەش حکومەتی ناچارکردووە پلانی سکگوشین جێبەجێ بکات، لەنێویاندا کەمکردنەوەی کاتی کارکردن بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی سووریا رۆژی چوارشەممە، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە هەڵپەساردنی هەموو چالاکییە وەرزشییەکانی تا کۆتایی ساڵ راگەیاند.
شەڕی نێوخۆی سووریا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن کەس، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە و وێرانبوونی ئابووری و ژێرخانی وڵاتەکە.