کەسایەتییەکی کریستیان: لە لازقیە و تەرتووس چوار کریستیان کوژراون و ژمارەیەک خێزانیش ئاوارە بوون

10-03-2025
هێمن عەساف
 بەشیر سەعدی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئاشووری دیموکرات
بەشیر سەعدی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئاشووری دیموکرات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئاشووری دیموکرات-ی سووریا رایگەیاند، لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا، چوار کریستیان کوژراون و ژمارەیەک خێزانیش ئاوارە بوون. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، بەشیر سەعدی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئاشووری دیموکرات، میوانی بوڵتەنی کاژێر 19:00ـی رووداو بوو. لە بارەی رووداوەکانی لازقییە و تەرتووس لە رۆژئاوای سووریا رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە تاوەکو ئێستا چوار کریستیان کوژراون، یەکێکیان لەنێو ماڵی خۆیدا بە گوللەی وێڵ کوژراوە. سێ کەسەکەی دیکەش لە کاتی رووداوەکاندا لەگەڵ عەلەوییەکانی ناوچەکە کوژراون. 
 
بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لازقیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لانیکەم کوژرانی هەشت کەسی مەسیحی پشتڕاستکراوەتەوە.
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە تۆنی بەشار خوری، تەمەن 40 ساڵ لە لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی دهیر سەفرای بانیاس لە پارێزگای لازقییە کوژراوە. هەروەها مەروان حەموش، 46 ساڵ، ئەویش لە ماڵەکەی لە لازقییە لە لایەن هێزێکی چەکدارەوە کوژراوە.
 
جەمیل دیاربەکرلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی چاودێری ئاشووری بە رووداوی گوت: "تائێستا ناوی چوار کەسی مەسیحیمان بەڵگە کردووە کە لەم ڕووداوانەدا کوژراون. لەگەڵ دەیان حاڵەتی دزی و وێرانکردن و پێشێلکردن. هەروەها چەندین گوندی مەسیحی هەن کە دانیشتووانەکانیان ئاوارە بوون. بێگومان گوندەکانی مەسیحییەکان لە هێرشی ئەم گرووپە تەکفیرییانە نەپارێزراون."
 
'لایەنگرانی ئەسەد دەستپێشخەر بوون'
 
جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئاشووری دیموکرات، هۆکاری شەڕەکەی بۆ لایەنگرانی رژێمی ئەسەد گەڕاندەوە و گوتی: "چەکداران و ئەفسەرانی فیرقەی چوارەمی رژێمی پێشوو و شانە نوستووەکان لە هێزەکانی سەر بە ماهیر ئەسەد دەستپێشخەر بوون بە هێرشکردن بۆ سەر هێزە ئەمنییە نێوخۆییەکان حکومەتی راگوزەر، کە دواتر شەڕ و پێکدادانی لێکەوتەوە."
 
بەشیر سەعدی ئاماژەی بەوەدا سەرەتا گرووپی چەکداری ناڕێکخراو "بە رەزامەندیی دیمەشق" هاتنە ناوچەکە، دواتر هەزاران چەکداری هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی بەدوایاندا هاتن. 
 
بەشیر سەعدی گوتی: "ئەو هێزانە  ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەیان لە دژی خەڵکی سڤیل کرد، دەرەنجام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتە ڤیدیۆیی ئازاربەخش و مەترسیداری زۆرمان بینی." 
 
سەبارەت بە ئاوارە و دەربەدەربوونی کریستیانەکانی ناوچەکە، بەشیر سەعدی رایگەیاند، ئاماری دروست لەژێر دەستیان نییە، بەڵام ژمارەیەک خێزانی کریستیان ئاوارە و دەربەدەر بوون بەتایبەتی لە تەرتوس و بانیاس و لازقییە و جەبلە. 
 
جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئاشووری دیموکرات-ی سووریا پێیوایە ئەو رووداوانەی دوایی، جارێکی دیکە بێ هیوایی بۆ کریستیانەکانی سووریا گەڕاندەوە و رەنگە شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردنی کریستیانەکانی بەدوادا بێت. 
 
بەشیر سەعدی گوتی: "دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و دەستپێکردنی حکومەتی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هیوایەک بۆ سووریاییەکان زیندوو بووەوە بەوەی کرانەوەیەک بۆ هەموو پێکهاتەکان بە گشتیی و بۆ کریستیانەکان بەتایبەتی هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە کریستیانەکان لەم سێ مانگەی رابردوودا کۆچیان نەکرد. ئەوانەی کۆچیشیان کرد بیریان لە گەڕانەوە کردەوە. بەڵام ئەم رووداوانەی چەند رۆژەی رابردوو، سەرلەنوێی خەڵکیان بێئومێد کرد."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قوناخی راگوزەری سووریا

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی: شەرع ئامادەیە بە مەرج پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قوناخی راگوزەری سووریا پێی گوتووە، ئامادەیە "لە هەلومەرجی گونجاودا" پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لە کاتێکدا دەیەوێت وڵاتانی رۆژئاوا سزاکانی سەر سووریا هەڵبوەشێننەوە.