سووریا 3000 سزای لەسەرە؛ وڵاتانی رۆژئاوا بیر لە هەڵگرتنیان دەکەنەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا و بەریتانیا
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا و بەریتانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو؛ مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە بوو.
 
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، "سزاکانی پەیوەستن بە وڵاتانی ئەورووپاوە، پێکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام بە رای من، ئەوە پرسێکە دەبێت قسەی لەسەر بکرێت، چونکە ئەسەد نەماوە و دۆخێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە. پێموایە ئاماژەی ئەرێنییش لە دیمەشقەوە هەیە، لە بەرامبەردا دەبێت ئێمەش هانی زیاتری ئەو پەیامە ئەرێنییانە بدەین."
 
لەدوای رووسیا و ئێران، سووریا سێیەم وڵاتە لە جیهاندا کە زۆرترین سزای بەسەردا سەپێندراوە، تاوەکو نێوەڕاستی پار زیاتر لە 3000 سزای بەسەردا سەپێندرابوو.
 
سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ لە ساڵی 2011 بەسەر حکومەتی ئەوکاتی وڵاتەکە سەپێندران.
 
سزاکانی وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا تایبەت بوون بە ئابووریی سووریا، لەوانەش سنووردارکردنی بازرگانی، وەبەرهێنان و مامەڵەی دارایی.
 
رۆژی 6ی ئەم مانگە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ژمارەیەک سزای لەسەر سووریا هەڵگرت.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو، پێویست بوو ئەو سزایانە راستەوخۆ هەڵبگیرێن، لەبەر ئەوەی بەردەوامبوونی ئەو سزایانە، قوربانییەکەی خەڵکی سووریا بووە، گەلی سووریا پێویستی بە چاکبوونەوەی دەروونی، ژیان، ئابووری و سیاسی و هەموو بوار و ئاستێک هەیە، هەڵنەگرتنی ئەو سزایانەش، رێگری لەو پلانانە دەکات."
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 90%ی سووریاییەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، زیاتر لە 16 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتەش پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە