مەزڵووم عەبدی: کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا رەنگە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، دەرگە بەڕووی بەهێزبوونەوەی چەکدارانی داعش دا دەکاتەوە. هۆشداریش لە سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوخۆ لە سووریا دەدات.
رۆژی پێنجشەممە، 10ی کانوونی دووەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی، داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد، هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بهێڵێتەوە. هۆشداریش دەدات بەکشانەوەی ئەو هێزە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لەو وڵاتە هەیە.
ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لەبارەی پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت: "هۆکاری سەرەکی سەقامگیریی ناوچەکە بوونی هێزەکانی ئەمریکایە و ئەگەر بکشێنەوە، ئەوا دەبێتە بەهێزبوونەوەی زۆر لە گرووپە چەکدارەکان و لەنێویاندا داعش."
ئەمریکا دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. عەبدی رایگەیاند چەکدارانی داعش دەیانەوێت ئەو دۆخەی ئێستای سووریا بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو گرتووخانانەی چەکدارانی پێشووی داعش تێدا دەستبەسەرن. بەتایبەت لەم کاتەدا کە وەک عەبدی ئاماژە پێدەدات هێزە کوردییەکان "سەرقاڵی بەرگریکردنن لە ناوچەکانی خۆیان" لەو هێرشانەی دژیان دەکرێت لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات.
هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی: "هەر کشانەوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی پڕ ئاژاوەی دیکە کە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی ناوخۆی دیکە، بەتایبەتی زۆر لە گرووپەکان هەڕەشە لە کورد دەکەن."
مەزڵووم عەبدی پێیوایە ترەمپ، هەست بە مەترسیی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا دەکات "بەتایبەتی لەدوای هێرشە تیرۆرستییەکانی نێوخۆی ئەمریکا لە شاری نیوئۆرلێنس."
لەبارەی ئاڵۆزی و شەڕوپێکدادانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەنێوان هەسەدە و سوپای نیشتمانیی سووریا، عەبدی رایگەیاند: "ئیدارەی بایدن زیاتر سەرنجیان لەسەر نێوەندگیری نێوان هەسەدە و تورکیا بووە". دۆخی ئێستا ناوچەکەش بە "سەقامگیر" ناودەبات کە هەندێ پێکدادانی سنووردار لەدەوروبەری چەمی فوراتدا هەیە.
لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، ترس هەیە ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنێتەوە و رۆژی سێشەممە، 7ی کانوونی دووەم، کاتێک پرسیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ترەمپ دەکەن، ئەو ستایشی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد. لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش گوتی "پێتان ناڵێم، لەبەرئەوەی ئەوە بەشێکە لە ستراتیژی سەربازیی."
مەزڵووم عەبدی، پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ئەورووپا کرد و گوتی: "هەسەدە نەک تەنیا بەناوی خەڵک و هێزەکەیەوە دژی داعش شەڕی کرد، بەڵكو بەناوی ئەورووپییەکانیشەوە شەڕی کرد."