رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنێن، رایگەیاند بە ژمارەیەک مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە لە سووریا، دەشڵێن "بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا."
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10-1-2024) مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "لەبەردەوامیی رێبازی مقاوەمەی ئیسلامی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامی هێرشەکانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر کەسوکارمان لە غەزە، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بنکەی هێزەکانی داگیرکەریان لە کێڵگەی کۆنیکۆ لە قووڵایی سووریا بە ژمارەیەک مووشەک کردە ئامانج."
گرووپەکە، کە راگەیێندراوەکەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش داوە بەردەوام دەبن لە کردنە ئامانجی بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا.
لە 17ی تشرینی یەکەمەوە، بە گوێرەی پێنتاگۆن، زیاتر لە 100 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی مقاوەمە، گرووپەکە تاوەکو ئێستا بەرپرسیاریێتی لە 69 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ گرتووە، کە 11 لەو هێرشانە بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە کێڵگەی نەوتی کۆنیکۆ.
ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا هەن، ئەو هێزانە لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە لەدوای گەرمبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 120 جار بە مووشەک و هاوەن و فڕۆکەی بێ فرۆکەوان لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی - شیعە هێرشیان کراوەتە سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ