ژنێکى کوردى ئێزدى لە ئیدلب رزگارکرا
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی کوردی ئێزدی لە شاری ئیدلبی سووریا رزگارکرا، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو ژنە دەگاتەوە نێو کەسوکاری لە هەرێمی کوردستان.
ژنە کوردە ئێزدییەکە ناوی (س. ن.)ـە، تەمەنی 29 ساڵە و رۆژی 7-12-2024 لە شاری ئیدلب لە سووریا رزگارکراوە، ئێستاش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیەیە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای تێکچوونی رەوشی ئەمنیی سووریا لە سەرەتای ئەم مانگە، لەڕێگەی چەند کەسێکەوە لە شاری ئیدلب کە بەپارە لەگەڵ ئێمە دا کاردەکەن، توانیمان ژنێکی ئێزدی بە ناوی (س. ن.) لەنێو ماڵی خێزانێکی ئیدلب رزگار بکەین."
قائیدی دەڵێ "ئێستا ئەو ژنە لەلای هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەیە و رێکارەکانی تەواو دەکەن، چاوەڕێین لەم رۆژانەدا بگاتەوە نێو خزم و کەسوکاری لە باشووری کوردستان."
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئاماژەی بەوە کرد، دوای تێکچوونی دۆخی سووریا، "زۆر بەوردی چاودێری دەکەین و بەپێی زانیارییەکانمان، ئافرەتی دیکەی کوردی ئێزدی لە ناوچەی جیاوازی ئەو وڵاتەن و ماون، رزگاربکرێن، هەروەها بەشێکیان لە زیندانەکاندان."
لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری. زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی رفاند و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەسیان رزگارکراون، هێشتا نزیکەی دوو هەزاریان ماون رزگار بکرێن، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون."