هاکان فیدان: رێگە نادەین داعش و پەکەکە سووریا بکەنە لانکەی تیرۆر
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، رێگە نادەین داعش و پەکەکە دۆخی سووریا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە و ئەم وڵاتە بکەنە "لانکەی تیرۆر".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداریی لە 15یەمین کۆنفرانسی باڵیۆزانی تورکیا لە وڵاتانی جیهان دا کرد، کە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە رێکدەخرێت.
هاکان فیدان لە گوتارێکدا باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریا کرد و گوتی: "ئەو پێشهاتانەی دوێنێ لە سووریا روویاندا، بۆ ئێمە بووە چرای هیوا. چاوەڕوانییەکانمان لە ئەکتەرە کاریگەرە نێودەوڵەتییەکان بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستی هاوکاری بۆ سووریا درێژ بکەن و پشتیوانیان بن لە دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "لە سەرەتای قەیرانی سووریا، گوتوومان و دووپاتی دەکەینەوە ئاشتیی هەمیشەیی و سەقامگیری بەردەوام تەنیا بە سازانی نیشتمانیی دەکرێت. بەڵام سەرباری هەوڵەکانمان و ئەو دەرفەتانەی پێماندا، کەچی رژێم لەگەڵ میللـەتی خۆی ئاشت نەبووەوە. بەتایبەتیش وەڵام نەدانەوەی رژێم بۆ بانگەوازە بەردەوامەکانی سەرۆککۆمارمان و هۆشداری پێدانی لەبارەی هەڵکشانی دۆخی وڵاتەکە، سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە ئەمڕۆ روویانداوە."
هاکان فیدان لەبارەی داهاتووی سووریا رایگەیاند: "بە رووداوەکانی سووریا سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد. ئیدی دەبێ چاو لە ئاسۆیەکی روونتر ببڕین. خوازیاری بینینی دەسەڵاتێکی گشتگیرین لە سووریا کە سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان لە ئامێز بگرێت. سووریایەک پەیوەندیی باشی لەگەڵ دراوسێکانی هەبێت و ببێتە سەرچاوەی ئاشتیی و سەقامگیریی هەرێمی. بۆ ئەمەش ئامادەین پشتیوانی تەواویان بین. بۆ بەدیکردنی ئەم ئامانجانە، لەگەڵ ئەکتەرە کاریگەرە نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندیداین."
سەبارەت بە سیاسەتی تورکیا بۆ سووریایەکی نوێ، هاکان فیدان گوتی: "لەمەودواش تورکیا بۆ یەکپارچەیی خاک، یەکگرتوویی سیاسیی، خۆشگوزەرانیی، سەقامگیری سووریا درێژە بە هەموو بەرپرسیارێتییەکانی خۆی دەدات. هەموو ئاسانکارییەک دەکات لەپێناو گەڕانەوەی خۆویستانەی سووریاییەکان و دەستپێشخەر دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا. لە سەختترین رۆژگاریاندا، تورکیا دەستی هاوکاری بۆ سووریاییەکان درێژکرد و بەتەنیا جێی نەهێشتن و لە قۆناخی نوێشدا لەپاڵ دیمەشق دەبێت."
هەروەها گوتی: "لەو باوەڕەداین، گەلی سووریاش ئەم هەلە زێڕینە بە باشترین شێوە دەقۆزنەوە. رێگری لە داعش و پەکەکە دەکەین دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە و سووریا بکەنە لانکەی تیرۆر، تورکیا بەوپەڕی جیدییەتەوە هەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر."