لینزی گرام داوا دەکات ئەمریکا رێگە نەدات تورکیا و چەکدارەکان هێرش بکەنە سەر هەسەدە
رووداو دیجیتاڵ
لینزی گرام، ئەندامی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوا دەکات وڵاتەکەی رێگە بە تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی نەدات هێرش بکەنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هۆشداریش لە مەترسیی شکاندنی زیندانەکانی داعش دەدات.
لینزی گرام لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس "پێزانین"ـی خۆی بۆ هێرشەکانی رۆژی یەکشەممەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا رادەگەیێنێت، بەڵام دەڵێت "ئەوە بەس نییە. پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی 50 هەزار بەندکراوی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بەندکراون. ئازادناکرێن."
هۆشداریی سیناتۆرەکە لەکاتێکدایە؛ گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا دوای رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، دەستیان بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانی کورد لە دێرەزوور و منبج کردووە.
گرام دەڵێت "نابێت رێگە بدەین تورکیا یان ئەو گرووپە ئیسلامییە تووندڕۆیانەی سووریایان کۆنترۆڵکردووە، هەڕەشە لە هێزە کوردییەکان بکەن کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ دا لە تێکشکاندنی داعش یارمەتیی ئێمەیان داوە."
ئەمریکا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، هەسەدە بە هاوبەشیی سەرەکیی خۆی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا دەبینێت.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن تورکیای هاوپەیمانی ناتۆوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنرێت.
گرام رۆژی دووشەممە، 9-12-2024، نووسیویەتی "تورکیا، نیگەرانی رەوای بەرامبەر گرووپە جیاجیاکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە. بەڵام ئەگەر ململانێ لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا دروستبێت، یان ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان، شکاندنی زیندانیی داعشی لێدەکەوێتەوە، کە دەبێتە مۆتەکە بۆ ئەمریکا."
سیناتۆرەکە، هەڕەشەی سەپاندنی سزا لە ئەنقەرە دەکات و دەڵێت "لە رابردوودا سزام بۆ سەر تورکیا ئامادەکردووە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی هێزە کوردییەکان بکەن، ئەوانەی لە لەنێوبردنی داعشدا یارمەتیی سەرۆک ترەمپیان دا. جارێکی دیکە ئامادەم هەمان کار بکەم."
بەڵام لە هەمان کاتدا، پێیوایە ئەنقەرە "شایستەی ئەوەیە ناوچەیەکی لە چەکداماڵدراوی لەنێوان باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و تورکیادا هەبێت بۆ ئەوەی بەرژوەندییەکانی بپارێزرێن، بەڵام ئەگەر تورکیا هەنگاوی سەربازی لە دژی هێزە کوردییەکان لە سووریا بنێت، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسیی گەورەوە."
لە کاتی راگەیاندنی رووخانی "خەلافەت"ـی داعش لە ساڵی 2019، هەسەدە دەستگیرکردنی زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعشی راگەیاند، کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و عێراقن، نزیکەی دوو هەزاریشیان خەڵکی وڵاتانی دیکەن. هەروەها 45 هەزار و 355 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، لە کەمپی هۆلی حەسەکەدان.
گرام هۆشداری لە ئازادکردنیان دەدات و دەڵێت "دوایین جار کە داعش لە دەسەڵات بوو، هەزاران ئەورووپی و ئەمریکی بە پیلانگێڕییەکانی داعش کە لە سووریاوە دادەنران، کوژران. هەروەها سەرهەڵدانەوەی داعش پشێوی لە تەواوی ناوچەکەدا دروستدەکات، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەزبوونەوەی نرخەکانی گاز لای ئێمە."
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی یەکشەممە، لە پێکدادانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارە دژبەرەکاندا لە منبج، 17 شەڕڤان و 9 چەکدار کوژراون.
رۆژی یەکشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دەوحە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "ئێمە لەگەڵ هاوڕێ ئەمریکییەکانمان لە پەیوەندیداین. ئەوان دەزانن ئێمە چەند هەستیارین لە بەرامبەر پرسی یەپەگە و پەکەکە. ئەوان دەزانن هەر کاتێک لەوانەوە هەڕەشە بکرێتە سەر تورکیا، ئێمە دەستبەجێ وەڵام و کاردانەوەمان دەبێت."
لەبارەی ئەوەی ئایا ئامادەن وەک بەشێکی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە بکەن، هاکان فیدان لە هەمان کۆنفرانسدا بە رووداوی گوت "ناکرێت هیچ لقێکی پەکەکە لە سووریا بە هاوبەشێکی رەوا دابنرێت و هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ بکرێت، چونکە ریزەکانیان پڕن لە شەڕکەری تیرۆرستی نێودەوڵەتی. ئەندامانی پەکەکە خەڵکی تورکیا، عێراق و ئێرانن، ئەوان سووری نین. ناسووریاییەکان ئەو شتە بەڕێوەدەبەن کە ناونراوە هەسەدە. هەموو کەسێکیش ئەمە دەزانێت. ئەمە راستییەکی ئاشکرایە. بۆیە بە کورتی دەڵێم نەخێر، مەگەر خۆیان بگۆڕن."
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی قسەیان لە بارەی دۆخی سووریا کردووە.
پێنتاگۆن دەڵێت "وەزیر [لۆید] ئۆستن و وەزیر [یاشار] گولەر هەردووکیان جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نزیک لەنێوان ئەمریکا و تورکیا کردەوە بۆ ئەوەی رێگری لە گرژیی زیاتری دۆخە شلەقاوەکە بکەن، هەروەها بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەک لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی و شەڕی دژی داعش، دووربخەنەوە."
لە راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن دا هاتووە، وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "دەبێت گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن کار بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل بکەن، لە نێویاندا کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، هەروەها پابەند بن بە بنەما نێودەوڵەتییە مرۆییەکان."
پێنتاگۆن دەشڵێت، ئۆستن "پێزانینی خۆی بۆ نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی تورکیا دەربڕی و مەترسییەکانی داعش و گرووپە شەڕەنگێزەکانی دیکەی لە ناوچەکەدا" لەگەڵ گولەر تاوتوێکردن.
رۆژی یەکشەممە، دانیێل شەپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆڕبەندی گفتوگۆی مەنامەی ئەمنیدا لە پایتەختی بەحرەین گوتی "ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا دەمێنێتەوە" و، "واشنتن هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش" لە سووریا.