وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا جەخت لە 'دوورخستنەوەی مەترسی' لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەخت لە "دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا، هاوبەشەکانی و شەڕی دژی داعش" دەکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە بەشێکیان لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، لۆید ئۆستن و یاشار گولەر، وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد.
راگەیێندراوی پێنتاگۆن کە ئێوارەی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "وەزیر ئۆستن جەختیکردەوە لەوەی ئەمرکا لە نزیکەوە چاودێریی قسە و کرداری گرووپە جیاجیاکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سووریا دەکات."
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەکاتێکدایە، ئەو گرووپە چەکدارانەی تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات، دەستیان بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە منبج و دێرەزوور کردووە، کە هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکایە لە شەڕی دژی داعش لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی یەکشەممە، لە پێکدادانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارە دژبەرەکاندا لە منبج، 17 شەڕڤان و 9 چەکدار کوژراون.
لە راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتووە، وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و تورکیا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "دەبێت گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن کار بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل بکەن، لەنێویاندا کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، هەروەها پابەند بن بە بنەما نێودەوڵەتییە مرۆییەکان."
پێنتاگۆن دەشڵێت "وەزیر ئۆستن و وەزیر گولەر هەردووکیان جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نزیک لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا کردەوە بۆ ئەوەی رێگری لە گرژیی زیاتری دۆخە شڵەقاوەکە بکەن، هەروەها بۆ ئەوەی هەموو مەترسییەک لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی و شەڕی دژی داعش، دووربخەنەوە."
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە. زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە جێگیرکراون و لە چواڕچێوەی هاوپەیمانییەکەی نێودەوڵەتی کە زیاتر لە 80 وڵات تێیدا ئەندام، شەڕ لە دژی سەرهەڵدانەوەی داعش دەکات.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن تورکیای هاوپەیمانی ناتۆوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانرێت.
رۆژی یەکشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دەوحە بە رۆژانامەڤانانی راگەیاند "ئێمە لەگەڵ هاوڕێ ئەمریکییەکانمان لە پەیوەندیداین. ئەوان دەزانن ئێمە چەند هەستیارین لە بەرامبەر پرسی یەپەگە و پەکەکە. ئەوان دەزانن هەر کاتێک لەوانەوە هەڕەشە بکرێتە سەر تورکیا، ئێمە دەستبەجێ وەڵام و کاردانەوەمان دەبێت."
لە بارەی ئەوەی کە ئایا ئامادەن وەک بەشێکی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە بکەن، هاکان فیدان لە هەمان کۆنفرانسدا بە رووداوی گوت "ناکرێت هیچ لقێکی پەکەکە لە سووریا بە هاوبەشێکی رەوا دابنرێت و هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ دا بکرێت، چونکە ریزەکانیان پڕن لە شەڕکەری تیرۆرستیی نێودەوڵەتی. ئەندامانی پەکەکە خەڵکی تورکیا، عێراق و ئێرانن، ئەوان سووری نین. ناسوورییەکان ئەو شتە بەڕێوەدەبەن کە ناونراوە هەسەدە. هەموو کەسێکیش ئەمە دەزانێت. ئەمە راستییەکی ئاشکرایە. بۆیە بە کورتی دەڵێم نەخێر، مەگەر خۆیان بگۆڕن."
راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن دەڵێت، ئۆستن "پێزانینی خۆی بۆ نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی تورکیا دەربڕی و مەترسییەکانی داعش و گرووپە شەڕانگێزەکانی دیکەی لە ناوچەکەدا" لەگەڵ گولەر تاوتوێکردن.
رۆژی یەکشەممە، دانیێل شەپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆڕبەندی گفتوگۆی مەنامەی ئەمنیدا لە پایتەختی بەحرێن گوتی "ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا دەمێنێتەوە" و، "واشنتن هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش" لە سووریا.