ژمارەی کوژراوانی سووریا بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ 14 کەس بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

میدیای سووریا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شاری مەسیاف لە رۆژئاوای حەلەب کوژران، بەرزبووەوە بۆ 14 کەس، ژمارەی بریندارانیش گەیشتە 43 کەس. 
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شاری مەسیاف بە میدیاکەی راگەیاندووە، "ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی دوژمنکاریی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک شوێنی ناوچەی مەسیاف شەهید بوون، بەرزبووە بۆ 14 شەهید، هەروەها 43 کەس بریندارن کە شەش لەوانە لە دۆخێکی مەترسیداردان."
 
سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)ـی راگەیاندووە، نزیک کاژێر 11:20 خولەکی شەوی یەکشەممە، ئیسرائیل لە سنووری ئاسمانیی لوبنان ژمارەیەک پێگەی سەربازی لە نێوەڕاستی سووریا بۆردوومان کرد. 
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، سیستمی بەرگریی سووریا بەرپەرچی مووشەکەکانی داوەتەوە و ژمارەیەکیانی تێکشکاندووە. 
 
بەگوێرەی میدیاکە، هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە نزیک شاری مەسیاف لە رۆژئاوای حەمما. 
 
لە ماوەی شەڕی 13 ساڵەی نێوخۆی سووریا، ئیسرائیل زوو زوو هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر وڵاتەکە و پێگەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی تارانی کردووەتە ئامانج، بەڵام سوپای ئیسرائیل لێدوان لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر سووریا نادات و پشتڕاستیان ناکاتەوە.