'لە هێرشێکی ئیسرائیل دا' بۆ سەر نێوەڕاستی سووریا پێنج کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سووریا (سانا) رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نێوەڕاستی ئەو وڵاتە، لانیکەم پێنج کەس کوژراون و 19 دیکە بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی میدیاکە، هێرشەکەی شەوی یەکشەممە (8-9-2024) هەروەها بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە نزیک شاری مەسیاف لە رۆژئاوای حەما. 
 
بەرپرسێکی ئەمنی بە ئاژانسی سانای گوتووە، ئیسرائیل لە سنووری ئاسمانیی لوبنانەوە هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگەی سەربازیی سووریا. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرپەرچی ژمارەیەک لە مووشەکەکانی داوەتەوە. 
 
میدیای فەرمیی سووریا لە زاری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مەسیافەوە دەڵێت، ئەوانەی کوژراون و بریندار بوون، خەڵکی سڤیلن. 
 
لە ماوەی شەڕی 13 ساڵەی نێوخۆی سووریادا، ئیسرائیل زوو زوو هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر وڵاتەکە و پێگەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی تارانی کردووەتە ئامانج. 
 
بەڵام سوپای ئیسرائیل لێدوان لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر سووریا نادات و پشتڕاستیان ناکاتەوە. 
 
هێرشەکەی شەوی یەکشەممە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکان، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێرانی هەڕەشە دەکەن تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بکەنەوە کە کۆتایی تەممووز لە تاران کوژرا. 
 
ئێران کە هێزی سەربازیی لە سووریادا هەیە، بەڵێنیداوە "سزای توند"ـی ئیسرائیل بدات، بەڵام زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر کوشتنی هەنییەدا تێپەڕیوە و هێشتا هیچ وەڵامێکی سەربازیی نەبووە. 
 
هەفتەی رابردوو، موحسین چیزاری، بەرپرسی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران گوتی، وەڵامی ئێران "لە کاتی گونجاوی خۆیدا دێت."
 
نیسانی ئەمساڵ، ئێران بە سەدان درۆن و مووشەک بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی دیمەشق، کە نزیکەی هەموو ئەو درۆن و مووشەکانە، لە لایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیل و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە خرانە خوارەوە.