فڕۆکەخانەی حەلەب دوای سێ رۆژ لەکارکەوتنی، دەکرێتەوە

09-09-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب دەستپێبکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومانکرا و دواتر کاری نۆژەندکردنەوەی تێدا کرا. 
 
بەهۆی بۆردوومانەکەی رۆژی سێشەممە 6-9-2022، لەلایەن ئیسرائیلەوە، زیان بەر فڕۆکەخانەی حەلەب کەوت و بووە هۆی راگرتنی گەشتەکانی. ئەوەش لەکاتێکدایە کە فڕۆکەخانەکە، دووەم گەورەترینی وڵاتەکەیە. 
 
رۆژی هەینی 9ـی ئەیلوولی 2022، ئاژانسی فەرمیی سووریا - سانا - لەسەر زاری وەزارەتی گواستنەوەی سووریا رایگەیاند کە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی دیمەشق و هەولێر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب دەسپێدەکەنەوە.
 
وەزارەتی گواستنەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کارمەندانی فڕۆکەوانیی سڤیل بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتەکە فڕۆکەخانەکەیان نۆژەنکردووەتەوە لە دوای ئەو زیانانەی شەوی سێشەممە بەهۆی "هێرشی دوژمنکارانەی ئیسرائیلەوە" بەریکەوتوون.  
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، هێرشەکەی رۆژی سێشەممە کۆگەیەکی چەکی سەر بە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی کردووەتە ئامانج. ئەوەش لە ماوەی هەفتەیەکدا، دووەم هێرشی ئیسرائیل بوو کە فڕۆکەخانەکەی کردە ئامانج.  
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا کە بە زۆریش هێزەکانی حکومەتی سووریا و حیزبوڵلای نزیک لە ئێرانەوە دەکاتە ئامانج.  
 
ئیسرائیلیش ئەوە ناشارێتەوە کە سەدان هێرشی لەوجۆرەی کردووەتە سەر سووریا و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەوەیە تاوەکو هەژموونی ئێران لە سووریا کەمبکەنەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە