نەتەوە یەکگرتووەکان: داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین لە دێرەزوور ئاسایشی خەڵکی سڤیل بپارێزن

09-08-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی گرژییەکانەوە پردەکانی سەر رووباری فورات لە سووریا داخراون و دانیشتووانی دێرەزووریش بێ ئاو و سووتەمەنی ماونەتەوە. داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات، پابەند بن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
 
فەرحان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دوایین گرژییەکانی نێوان سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە دێرەزوور، وەڵامی دوو پرسیاری سینان توجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند، ''داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و ئاسایشی خەڵکی سڤیل بپارێزن".
 
لە دوو رۆژی رابردوودا شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزێکی سەر بە حکومەتی سووریا لە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە روویداوە. فەرحان حەق گوتی، ''هەموو پردەکانی سەر رووباری فورات بەڕووی هاتووچۆدا داخراون، دانیشتووانی دێرەزوور بێ ئاو و سووتەمەنی ماونەتەوە".
 
هەسەدە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەو گرووپە چەکدارە بۆ سەر گوندەکانی دێرەزوور لانیکەم 11 کەسی سڤیل کوژراون و 5 کەسیش بریندارن. جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ''پێکدادانەکانی ئەم دواییە دەرخەری ئەوەن کە هاوکارییەکی زیاتر لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەکە بۆ خەڵکی سڤیل پێویستن".
 
فەرحان حەق ئەوەشی خستەڕوو، هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، دێرەزووریش دەگرێتەوە و گەیاندنی هاوکارییەکانیان بۆ ئەو ناوچەیە بەردەوام دەبێت. گوتیشی، ''من حەز دەکەم لەوە دڵنیا ببمەوە کە ئەو ژێرخانانەی بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەتووە، جارێکی دیکە نۆژەنبکرێنەوە".
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە 05ـی ئابەوە لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و هێزێکی چەکدار بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم هەفیف لە سنووری دێرەزوور گرژی دروستبووە. هێزەکەی هەفیف پێشتر سەر بە هەسەدە بوون و دوای هەڵگەڕانەوەیان ئێستا حکومەتی سووریا پشتیوانییان دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە