لە هێرشێکی ئاسمانیدا 'گەورە قاچاخچیێکی ماددەی هۆشبەر' لەسەر سنووری سووریا کوژرا

09-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، سوپای ئوردن بە هێرشێکی ئاسمانیی گەورە قاچاخچییێکی ماددە هۆشبەرەکان و حەوت ئەندامی خێزانەکەی لە باشووری سووریا کوشتوون. 
 
مەرعی رەسمان، قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ هاوژین و شەش منداڵیان لە هێرشە ئاسمانییەکەدا لە گوندێکی پارێزگای سوەیدا لە نزیک سنووری ئوردن - سووریا کوژران. 
 
هاوکات وەزارەتی دەروەی ئوردن رایگەیاند، لەگەڵ سووریا رێککەوتوون تیمێکی ئەمنیی هاوبەش، سنووری نێوانیان بپارێزن. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن هەڕەشەی کردبوو بەوەی ئەگەر حکومەتی بەشار ئەسەد کۆتایی بە جموجووڵی تۆڕەکانی ماددەی هۆشبەر نەیێنێت، ئەوا سوپای ئوردن لە نێو سنووری سووریا هێرش دەکات.
 
سووریا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆوە، بووەتە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری ماددە هۆشبەرەکان، بە جۆرێک کە قەبارەی بازرگانیی حەبی کاپتاگۆن لەو وڵاتە بە 10 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس، حکومەتی بەشار ئەسەد و دوژمنەکانیشی وەکو سەرچاوەیەکی داهات بەکاریدێنن. 
 
زۆربەی ئەو ماددە هۆشبەرانە بە قاچاخ دەبردرێنە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو، ئوردنیش بووەتە رێڕەوەی گواستنەوەیان. 
 
چالاکڤانێکی پارێزگای سوەیدا کە شارەزای بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانە دەڵێت: "چاوەڕێ دەکەین دوای هێرشە ئاسمانییەکە کاریگەریی گەورە لەسەر بەقاچاخبردنی ماددەکان لە سوەیداوە ببینین. هیچ کەس نەیدەتوانی بەبێ ئاگاداری رەمسان هیچ شتێک لەسەر سنوور بەقاچاخ ببات."
 
بەگوێرەی چالاکڤانەکە، ژمارەیەک قاچاخچی لە دوای هێرش ئاسمانییەکە بە ماڵەوە لە ناوچەکە رایانکردووە.
 
ئەم هێرشە ئاسمانییە دەگمەنە دوای کۆبوونەوەی یەکی ئایاری نێوان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە عەممانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا دێت، کە بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، تێیدا رێککەوتن "هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەهۆی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری سووریاوە زیانیان بەرکەوتووە بەهێز بکەن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها باس لەوە کرابوو، سووریا لەگەڵ ئوردن و عێراق کاردەکات بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بەقاچاخبردنیان، هەروەها "بۆ کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتییەکە، هەنگاو دەنێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە