رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، بە مووشەک هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە رۆژئاوای دیمەشق.
رۆژی هەینی، 9-2-2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مزە کە کەوتووەتە رۆژئاوای شاری دیمەشق.
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی، حیزبوڵڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە ئێران لەو ناوچەیەدان.
هەروەها میدیای فەرمیی سووریا لەبارەی هێرشەکەوە بڵاویکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرپەرچی هێرشێکی بۆسەر شاری دیمەشق داوەتەوە.
سەرچاوەیەکی سەربازی سوپای سووریاش گوتی، سیستمی بەرگریی سووریا دوو درۆنی خستووەتەخوارەوە کە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ئاراستەی رۆژئاوای دیمەشق کرابوون. بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی جۆلان لەژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیلدان.
لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە ئیسرائیل دەیان هێرشی کردووەتەسەر سووریا، بە تایبەت بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی بە نزیک لە ئێران دادەندرێن. دوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و غەززەش لە تشرینی یەکەمی رابردوودا هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەو گرووپانە و سوپای پاسداران لە سووریا چڕبووەتەوە.
ئیسرائیل بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکان لەئەستۆ ناگرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، رێگە نادات ئێران و هێزە نزیکەکانی لەنێو سووریا بەهێزبن، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکن لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ