پێشبڕکێ لەگەڵ کات؛ کڵاوسپییەکانی سووریا داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کڵاو سپییەکانی سووریا داوای یارمەتی دەکەن و دەڵێن ئەگەر هاوکاری نەکرێن، کات یاوەریان نابێت سەتان خێزان رزگار بکەن.
محەممەد شبلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سووریا (کڵاو سپییەکان) کە خۆیان وەکو گرووپێکی خۆبەخش دەناسێنن و پتر لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کاردەکەن چوارشەممە (8ـی شوباتی 2023) رایگەیاند "پێویستە تیمە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان بێن و هاوکارییمان بکەن. خەڵک دەمرن و ئێمە پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەین".
گوتیشی، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، دەستی هاوکاری بۆ قوربانییان درێژ بکات.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەستەمە بۆ ئەوان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆندا بە هانای ئەو هەموو زیانلێکەوتووەوە بچن، کە ژمارەیان نزیکەی چوار ملیۆن کەسە. گوتیشی :"تەنانەت دەوڵەتیش ناتوانێت ئەوە بە تەنیا بکات".
هەر ئەمڕۆ حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، 800 هەزار پاوەند بۆ کڵاو سپییەکان دەنێرن.
کڵاو سپییەکان لەسەر ئاستی جیهان کارەکانیان بەرز نرخێندراوە و تۆڕی نێتفلێکیس دۆکیۆمێنتارییەکی لەسەر کارەکانیان بە ناوی "The White Helmets" بڵاوکردووەتەوە، کە ساڵی 2018 بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بوو و ساڵی 2017 خەڵاتی ئەکادیمی بردووەتەوە.
کڵاوسپییەکان نزیکەی هەزار و 600 یەکەی فریاگوزاری و سێ هەزار خۆبەخشیان هەیە.
محەممەد شبلی رایگەیاند، پێویستیان بە کەرەستەی پێویست و توانستی مرۆیی و هاوکاری زیاترە تاوەکو بتوانن خەڵکی زیاتر رزگار بکەن، "دوای 56 کاژێر کارکردنی بەردەوام، هێشتا سەتان خێزان لەژێر داروپەردووەکان دان و چانسی رزگارکردنیان روو لە کەمی دەکات."
تائێستا (کاژێر 12:41ـی 9-2-2023) دوایین ئاماری قوربانییانی بوومەلەرزەکان کە بە گوڕی 7.7. و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا، لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە 3162 گیانلەدەستدان و، برینداربوونی زیاتر لە 6100 کەس.
ببینە چی روودەدات! خودا چانسێکی دیکەی ژیانی بە ئەم منداڵە بەخشی کە ناوی عەبدولحەکیمە و تیمەکان لە ئیدلب دوای زیاتر لە 70 کاژێر رزگاری دەکەن؛ هاواری خۆشی و الله أكبر ئەو ناوە دەتەنێت pic.twitter.com/xWpXcw4J8M
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 9, 2023