25 ئەندامی بنەماڵەیەکی ئاوارە لە ئیدلب بە بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

25 تەرمی بنەماڵەیەکی ئاوارەی شارۆچکەی سەراقیب لە رۆژهەڵاتی ئیدلب، کە بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەستدا، دەرهێنراون و ئەحمەد ئیدریس، ئەندامێکی بنەماڵەکەیە و لەنێو تەرمەکاندا بە کوڵ دەگری.
 
ئەحمەد یەکێک لە نەوەکانی لە باوەش گرتووە و دەڵێت "بە هەموو ئەو شتانەی کە روویاندا دڵم شکا".
 
ئەحمەد ئیدریس، تاکە رزگاربووی بنەماڵەکەی دەڵێ "کچەکەم لەدەستداوە و دوو کوڕەکەشی، مەبەستم نەوەکانمە. خێزانی هاوژینەکەم، باوکی و دایکی و منداڵەکانی. خەزوور و خەسووی کچەکەم و کوڕەکانیان کە یەکێکیان منداڵی هەبوو. خێزانێکی گەورە بوون و چەند منداڵێکیان هەبوو. بە هەمووی نزیکەی 25 کەس بووین".
 
ئەحمەد ئیدریس لە ترسی شەڕ هەڵاتبووە سەراقیب، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەوە تەواوی بنەماڵەکەی لەدەستدا. باس لەوە دەکات "بەهۆی شەڕەوە رامان کرد، بزانە زوڵم چۆن مامەڵەی لەگەڵ کردووین. ئێمە هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی ئێمە و منداڵەکانمان لە ناوچەیەکی ئارامدا بژین، بەڵام لە کۆتاییدا سەیر بکەن چیمان بەسەرهات".
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی هەردوو بوومەلەرزەی دووشەممەی رابردوو کە بە گوڕی 7.7. و 7.6 پلەی رێختەر روویاندا و چەقەکانیان مەرەشی باکووری کوردستان بوو، لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان تائێستا زیاتر لە 3200 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیاتر لە 5000 کەسیش بریندار بوون.