بە رەچەڵەک فەلەستینییەک بووە وەزیری نەوتی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، سووریاییەکی بە رەچەڵەک فەلەستینی بووە وەزیری نەوت و سامانە سرووشتییەکانی سووریا.
حکومەتی کاتیی سووریا، غیاس دیابی بە رەچەڵەک فەلەستینی کردە وەزیری نەوت و سامانە سرووشتییەکان، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا پۆستی ئاوا هەستیار و گرنگ بدرێتە کەسێکی بە رەچەڵەک فەلەستینی.
غیاس دیاب لە دیمەشق لەدایکبووە و رەگەزنامەی سووریا و فەلەستینی هەیە. بڕوانامەی لە ئەندازیاریی نەوت هەیە و خاوەن شارەزاییەکی زۆرە لە سەرچاوە سروشتییەکاندا.
غیاس دیاب یەکەم فەلەستینییە کە پۆستی وەزیری نەوتی لە سووریا وەرگرتووە، پێشتر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دۆزینەوەی نەوت بووە.
دیاب، پێش دامەزراندنی وەک وەزیر، بۆ چەندین ساڵ پۆستی باڵای لە وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان هەبووە. وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دۆزینەوەی نەوت لە سووریا کاری کردووە و بەرپرسیار بووە لە پەرەپێدانی ستراتیژیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز. پێش دەستپێکردنی جەنگ لە سووریا، رۆڵی هەبووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان.
لە کانوونی یەکەمی 2024دا، غیاس دیاب، وەک وەزیری نەوت و سامانە سرووشتییەکان دامەزرا. دامەزراندنەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی راگوزەر دایە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی کەرتە ئابوورییە زیانلێکەوتووەکان، لەوانەش کەرتی نەوت و وزە.
روانگەی غیاس دیاب بۆ چاکسازی لە کەرتی نەوت دا
غیاس دیاب رایگەیاندووە، کار لەسەر بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی نەوت و گاز دەکات لە رێگەی گەڕاندنەوەی کێڵگە نەوتییەکان کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دەرچوو بوون، ئاماژەی بە بوونی توانای گەورەی بەکارنەخراو کردووە.
پلانی راگەیاندووە بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی یەدەگی نەوتی سووریا، کە ئێستا بە 2.5 ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت و ئاماژە بە ئەگەری دۆزینەوەی یەدەگی نوێ دەکات.
ئاماژەی بە هەوڵی بەردەوام کردووە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بۆ هاوردەکردنی نەوت و گاز، باسی لە بەڵێنی هەندێک وڵات کردووە بۆ ناردنی بارهەڵگری سووتەمەنی بۆ پشتیوانی لە ئابووری سووریا.
پلانەکانی لەسەر دووبارە نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەکانی نەوت چڕکردووەتەوە، وەک پاڵاوگەی بانیاس، کە بەهۆی کەمیی نەوتەوە لەکارکەوتووە.
غیاس رایگەیاند: "ئێمە لە قۆناخی بنیاتنانەوەیەکی گشتگیرداین و هەوڵی تەواو دەدەین بۆ دووبارە خستنەوەکاری کەرتی نەوت بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی سووریا بکات. هاوکاریمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کلیلی سەرکەوتن دەبێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری درێژخایەن."