ئیلهام ئەحمەد: ئەمریکا و فەرەنسا دەتوانن باکووری سووریا سەقامگیر بکەن

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، دانوستاندن لەسەر چوونی سەربازانی فەرەنسا و ئەمریکا بۆ باکووری سووریا دەکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی کەمکردنەوە و نەهێشتنی تەنگژەکانی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان.
 
رۆژی چوارشەممە، 08-01-2025، میدیای فەرەنسا لەسەر زاری ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند: "بێگومان ئەمریکا و فەرەنسا دەتوانن تەواوی سنوور [باکووری سووریا] بپارێزن و سەقامگیر بکەن. ئێمە بۆ ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە ئامادەین بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆ بگرین."
 
ئیلهام ئەحمەد رایگەیاندووە: "داوا لە فەرەنسا دەکەین بۆ ئەوەی سەرباز بنێرێتە سنوور و ناوچەی لە چەک داماڵدراو سەقامگیر بکات، یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی ناوچەکە بپارێزین و پەیوەندیی باش لەگەڵ تورکیا دابنێین."
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە تورکیا چ کاردانەوە و وەڵامێکی بۆ ئەم جۆرە پێشنیازە دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ساڵانێکە سەرنجێکی چڕی خستووەتە سەر سنووری خۆی و سووریا و بەڵێنیشی داوە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەنێو ببات، چونکە دەڵێت: "ئەوان لقی سووریای پەکەکەن."
 
بەگوێرەی میدیای فەرەنسا، ئیلهام ئەحمەد گوتوویەتی: "هەرکاتێک فەرەنسا تورکیای رازی کرد ئەمە قبووڵبکات و سەربازی فەرەنسی لەوێ بن، ئەوکات ئێمە دەتوانین دەست بە پرۆسەی ئاشتی بکەین. هیوادارین لە چەند هەفتەی داهاتوو شتەکان بچنە شوێنی خۆیان."
 
رۆژی 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) چوونە نێو دیمەشق و دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند. لەوکاتەوە سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
 
دوێنێ چوارشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس کۆبوونەوە و کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
 
بارۆ گوتی: "دەبێت کوردەکانی سووریا شوێنیان لەو راگوزەرییە سیاسییەی سووریا هەبێت. ئێمە قەرزاری ئەوانین چونکە ئەوان لە شەڕی دژی داعش، برای ئێمە بوون."
 
بارۆ گوتیشی: "لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە گەرەنتیی نیگەرانییە رەواکانی تورکیا دەکەین، بەڵام هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە کوردەکان [ـی سووریا] مافی تەواویان هەیە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە بنیادنانەوەی داهاتووی وڵاتەکەیان."
 
لە بەرامبەردا، بلینکن گوتی، گرنگە هەسەدە لەو کارەی ئێستا دەیکەن، کە چاودێریی کردنی 10 هەزار گیراوی داعشە، بەردەوام بن.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، تورکیا "نیگەرانیی رەوای لە پەکەکە و تیرۆر هەیە. لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە تەنگژە لە سووریا هەبێت، ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین ئەوە روونەدات."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە