رووداو - نیویۆرک
گیێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا یەکەم راپۆرتی بەرفراوانی خۆی دوای شکستی رژێمی بەشار ئەسەد پێشکێشکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و هۆشداری دایە ئەنجوومەنەکە لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەدژی رۆژئاوای کوردستان.
لە راپۆرتەکەیدا پێدەرسن ئاماژەی بەوە کرد، دەبینن رێگەی دیالۆگ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتی کراوەتەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە تورکیا هەڕەشە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، هاوکات پێکدادانەکانیش لە منبج لەدژی یەکێتی و سەروەریی خاکی سووریا وەک هەڕەشەیەک وان.
پێدەرسن ئەوەشی گوت: "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بەشێکی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و یەپەگە دان. لە بەرامبەردا ئاگربەستێک بەنێوەندگیریی ئەمریکا لە نزیک منبج لە مانگی 12 هەبووە، راپۆرتەکان نیشانی دەدەن پێکدادان و تۆپباران بەتایبەتی لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا هەن."
لە راپۆرتی نێردەی تایبەت دا چەندین بابەت باسکران، بەڵام بەتایبەتی باسی پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان کرا، کە تورکیا پشتگیرییان دەکات، ئەمەش جگە لە باسکردنی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا.
رووداو لە گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی پرسی، "چۆن هەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتەکە دەکەن؟" و، "بەڕێز گیێر پێدەرسن، گوتی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئەگەرێکی ئاشکرا هەیە، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان زیاتر دەبن. ئێوە ئەم هۆشدارییە چۆن شرۆڤە دەکەن؟"
ستیڤان دووژاریک لە وەڵامدا گوتی، "من، لەسەر قسەکانی ئەو شرۆڤە ناکەم. پێموایە ئەوەی گوتی زۆر روون بوو و، ئاشکرایە هەر زیادکردنێکی چالاکیی سەربازی، شتێکە کە ئێمە نیگەران دەکات."
لەبارەی هێرشێکی درۆنیی تورکیا لە بەنداوی تشرین کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "دەتانگەڕێنمەوە بۆ وەڵامی یەکەمم، لە هەر تووندبوونێکی پێکدادانەکان کاتێک هاووڵاتییان دەبنە قوربانی، ئێمە نیگەران دەبین."
لە دوایین راپۆرتی خۆیدا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئەو ئامادەیە لەگەڵ بەرپرسانی کاتیی سووریا کار بکات، بەردەوام رایدەگەیێنێت و پشتگیریی پێشخستنی هەموو کەناڵەکانی دیالۆگ دەکات، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات رێگەی ناسەربازی بەکاربهێنن.
پێدەرسن هەروەها داوای کرد بۆ داهاتووی سووریا بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان 2254 پشتی پێببەسترێت، گواستنەوەیەکی متمانەپێکراو، بەرفراوان، شەفاف و نامەزهەبی هەبێت و گوتی، "دەبێت حکومەتی کاتی متمانەپێکراو بێت، یاسای بنەڕەتی نوێ هەبێت و دواتریش هەڵبژاردنێک بە ئازادی و دادپەروەری بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ