وەزیری بەرگریی ئەمریکا: هەسەدە هاوبەشێکی باشمان بووە و رەنگە لە داهاتوودا تێکەڵی سوپای سووریا بکرێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رایگەیاند پێویستە ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا بهێڵێتەوە تاوەکو رێگە لە بەهێزبوونەوەی داعش لەو وڵاتە بگرێت، هەروەها دەڵێ هەسەدە، هاوبەشێکی باشیان بووە لە سووریا و رەنگە لە داهاتووشدا تێکەڵی سوپای سووریا بکرێن.
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس (AP) رایگەیاند، هێشتا هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا پێویستن، بەتایبەتی بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئاسایشی کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کە بە هەزاران چەکدای پێشووی داعش تێیاندا دەستبەسەرن. 
 
بەگوێرەی نوێترین خەمڵاندنی بەرپرسانی رۆژئاوا، 8 بۆ 10 هەزار چەکداری پێشووی داعش لەو کەمپانە دەستبەسەرن، کە دوو هەزاریان بە چەکداری "زۆر مەترسیدار" تەماشا دەکرێن.   
 
لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئۆستن لە قسەکانی چوارشەممە (8-1-2025)ـیدا گوتی، "ئەگەر سووریا نەپارێزرێت، پێموایە چەکدارانی داعش، دەگەڕێنەوە. پێشموایە هێشتا ئێمە هەندێک کارمان ماوە، تاوەکو بتوانین فشارەکانمان لەسەر داعش بمێنێت." 
 
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا هەیە. پێشتر پێنتاگۆن رایگەیاندبوو تەنیا 900 سەربازیان لە سووریا دا هەن، بەڵام لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئەمریکا بە فەرمی دانی بە زیادبوونی هێزەکانیان لە سووریادا نا. 
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هێزەکانی ئەمریکا کاریان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و لەبارەی رۆڵی داهاتووی هەسەدە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت "هەسەدە هاوبەشێکی باشمان بووە، بەڵام لە خاڵێکدا رەنگە هەسەدە تێکەڵی سوپای سووریا بکرێت و دواتریش سووریا کۆنترۆڵی سەرجەم کەمپەکان دەکات و هیوادارین بتوانێت بیانپارێزێت. بەڵام بۆ ئێستا پێموایە دەبێت ئێمە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین." 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە