رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری دەستپێشخەریی گرووپی هەڤرا بۆ هاوکاریی پەنابەران دەڵێت: ''دۆخی ئاوارەکانی عەفرین کە لە شەهباوە هاتوونەتە قامشلۆ و حەسەکە، زۆر خراپە و بەشێکیان لە شەقامەکان دەمێننەوە''. گوتیشی، بەگشتی نزیکەی شەش هەزار خێزان دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08-12-2024، ئیمان ئیبراهیم لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ئەو ئاوارانەی عەفرین کە لە شەهباوە گەڕاونەتەوە قامشلۆ و حەسەکە، لە دۆخێکی ''زۆر خراپ'' دەژین.
ئیمان ئیبراهیم گوتی: ''تاوەکو ئێستا رێکخستنی نێودەوڵەتی لێکدانەوەی وردی بۆ دۆخی ئاوارەکانی عەفرین نەکردووە، بۆیە تەنیا رێکخراوە سڤیلەکان هاوکارییان دەکەن.''
رێکخەری دەستپێشخەری گرووپی هەڤرا بۆ هاوکاریی پەنابەران ئاماژەی بەوەدا، 15 رێکخستنی سڤیل بۆ هاوکاریی ئاوارەکانی عەفرین پێکهێنراوە، ''بەڵام دۆخی ئابووریی خەڵک هیچ باش نییە و هاوکارییەکان زۆر کەمن و لە ئاستی زۆریی ئاوارەکاندا نین.''
بەگوتەی ئیمان ئیبراهیم، ''ئاوارەکانی عەفرین هیچ شتێکی ئەوتۆیان بۆ دابین نەکراوە و لە کەشوهەوایەکی سارددا، بەشێکیان ناچارن بەبێ بەتانی و گەرمکەرەوە، لەسەر زەوی بخەون.''
وەکو رێکخەری دەستپێشخەری گرووپی هەڤرا بۆ هاوکاریی پەنابەران دەڵێت، تەنیا لە قامشلۆ 957 خێزانی ئاوارەی عەفرینی هەن، هەزار و 507 خێزانیش گەڕاونەتەوە حەسەکە، هەروەها گوندەکانی ناوچەکەش نزیکەی سێ هەزار و 503 خێزانی ئاوارەیان تێدایە.
زۆربەی ئەوانەی لە شەهبا ئاوارە دەبن، پێشتر لە ساڵی 2018 بەهۆی هێرشی تورکیا و چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا بۆ سەر عەفرین، روویان لە شەهبا کردبوو. ئیمان ئیبراهیم گوتی، ''ئاوارەکان دەترسن بگەڕێنەوە سەرێ کانی و عەفرین، چونکە ئەوانەی گەڕاونەتەوە، باس لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریا دەکەن.''
ئەو رێکخەرەی دەستپێشخەری گرووپی هەڤرا بۆ هاوکاریی پەنابەران ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە ئاوارەکان دوای گەڕانەوەی لە عەفرین گیانی لەدەستداوە، ''بەڵام هێزەکان رێگەیان نەداوە بەخاکبسپێردرێت. ژمارەیەک هاونیشتمانیی دەستگیر کراون و بێسەروشوێنن.''
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ و 24 ساڵ لە دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەد، ئەمڕۆ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد"ـیان راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ