رووداو دیجیتاڵ
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، لە 11 رۆژی رابردووی شەڕ و پێکدادانی سووریا؛ 910 کەس کوژراون، لەنێویاندا 138 کەس سڤیلن.
رۆژی 25-11-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە پارێزگەی ئیدلیبەوە، بە ئاراستەی رۆژئاوای حەلەب هێرشیان کرد و دوای دوو رۆژ شارەکەیان گرت. دواتر شار بە شاری سووریایان راماڵی و توانییان هەریەک لە: حمس، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە کۆنتڕۆڵبکەن.
رامی عەبدولڕەحمان بە رووداوی گوت: "لە نێو کوژراوەکاندا 138 سڤیل، 380 سەرباز و 392 چەکدار هەن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08-12-2024، دەستەی تەحریری شام گەیشتنە نێو دیمەشق و پایتەختی سووریایان گرت. حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا رووخا و خۆیشی بۆ مۆسکۆ هەڵات.
ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی هەتەشە چووە نێو مزگەوتی ئومەوی و لەبەردەم هەزاران کەس رایگەیاند: "ئەسەد سووریای کردە گۆڕەپانی تەماعکاری ئێران."
جۆلانی لە دیمەشقەوە باسی رووخانی رژێمی ئەسەدی کرد و گوتی: "سەرکەوتنی ئەمڕۆ مێژوویەکی نوێیە بۆ ئوممەی ئیسلامی".
جۆلانی باسی لەوەش کرد: "سووریا کرابووە کارگەی کیپتاگۆن" و روونیکردەوە، "ئەم سەرکەوتنە مێژوویەکی نوێیە بۆ ناوچەکە."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیای فەرمیی رووسیا لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا بڵاویکردەوە: "ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی گەیشتوونەتە مۆسکۆ. رووسیا بە هۆکاری مرۆیی مافی مانەوەیانی پێبەخشیوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ