جێگری باڵیۆزی یۆنان لە سووریا: لەترسی دزی زۆرینەی باڵیۆزخانەکان دەیانەوێ سووریا جێبێڵن


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری باڵیۆزی یۆنان لە سووریا رایگەیاند، سبەی بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە دیپلۆماتکارەکانیان دیمەشقی پایتەختی سووریا جێدەهێڵن. دەشڵێت، ئەمە دوای ئەوەی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە دزیکردن لە باڵیۆزخانەکان کرد. 
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، نیکۆلاس پرۆتۆنۆتاریۆس، جێگری باڵیۆزی یۆنان لە سووریا گوتی، "دۆخەکە رێگە بەوەنادات بتوانین چاودێریی سەلامەتی بکەین. سێ کارمەندی یۆنانی لە باڵیۆزخانە دەمێننەوە" و ئەوانەی دیکەش دەگەڕێنەوە یۆنان. 
 
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، هەرچەندە قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، بەڵام لە بەرەبەیانی ئەمڕۆووە دەنگی تەقە بە بەردەوامی لە دیمەشق دەبیسترێت. ئاماژەی بەوەش کرد، "گرووپە چەکدارەکان بە باشی رێکنەخراون و دەستیان بە دزیکردن لە تەواوی دیمەشق و باڵیۆزخانەکان کردووە. بەو هۆیەوە، زۆرینەی باڵیۆزخانەکان دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبێڵن". 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپۆزیسیۆن و میدیای فەرمیی سووریا رووخانی حکومەتی وڵاتەکەیان راگەیاند. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هێرشەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەر سوپا دەستیانپێکرد. 
 
رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، داوایان لە لە هاووڵاتییانیان کردووە دوربکەونەوە لە گەڕان بەنێو سووریادا و هەموو رێکارێکی ئەمنی و خۆپارێزی بگرنەبەر.