رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی سەدر داوا لە سووریاییەکان دەکات بە دیالۆگی نیشتمانی حکومەتێکی دیموکراسی پێکبهێنن کۆکەرەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەل بێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە حوکمڕانیکردن، گەلی سووریای خۆشەویست دەسەڵاتیان رووخاند. چاودێریی دۆخەکە دەکەین."
موقتەدا سەدر نوسیوویەتی: "چاومان لە دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیرە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی دیموکراسیی کە کۆکەرەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەل بێت. حکومەتێک دووربێت لە توندوتیژی و دەسەڵاتی سەربازیی و فەرامۆشکردن و پشتگوێخستن."
سەرۆکی رەوتی سەدر باسی لەوە کردووە: "کاتی هاتووە ئارامی و سەقامگیری باڵ بکێشێتە سەر سووریای دراوسێمان، دوور لە تیرۆری داعش و دیکتاتۆریەتی قێزەون و دەستوەردانی دەرەکیی ئەمریکی، ئیسرائیلی یان هەر وڵاتێکی دیکە."
دەشڵێت: "ئێمەی گەلی عێراق چاومان لە بونیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگە لەنێوان هەردوو گەلی دۆست لەژێر ناونیشانی ئیسلام و عەرەبچییەتی و مرۆڤایەتی، چونکە چارەنووسمان یەکە و رێگە نادەین دوژمن بەناوی تایفەگەری و ناکۆکی سیاسیی و نەتەوەیی کێشەمان بۆ دروست بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ