رووداو-هەولێر
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بڵاویکردەوە، یارمەتیدەر دەبن لە بنیاتنانەوەی سووریا و هەوڵیش بۆ پاراستنی کەمینەکانی ئەو وڵاتە دەدەن.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "یارمەتیدەر دەبین لە بنیاتنانەوەی سووریا". دەشڵێت، "پێویستە سووریای داهاتوو یەکگرتوو بێت."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە حکومەتی داهاتووی سووریا هەموو کەمینەکان بپارێزێت."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و کۆنترۆڵیان کرد. بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هات.
بەگوێرەی میدیای رووسیا، کرێملن بڕیاری داوە مافی مانەوە بە بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی بدرێت.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کرد، "رژێمی ئەسەدی دڕندە رووخا. ئەو گۆڕانکارییە لە ناوچەکە دەبێتە دەرفەتێک بەڵام بێ مەترسی نییە". جەخت لەوەش دەکاتەوە، چاودێری دۆخەکە دەکەن.
سەبارەت بە رووخانی رژێمی ئەسەدیش، دانیێل شەپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆربەندی گفتوگۆی مەنامەی ئەمنیدا لە پایتەختی بەحرێن گوتی: "واشنتن هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش" لە سووریا.
بەرپرسەکە هەروەها باسی لەوە کرد، "ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا دەمێنێتەوە،" گوتیشی: "ئێمە دەزانین کە دەکرێت دۆخی پەشۆکاو و شلەقاوی سووریا دەرفەت بە داعش بدات بتوانێت چالاکی بکات و پلان بۆ هێرشی دەرەکی دابنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ